*نەوژین، هاوناز ساڵح
ماوەی ١٠ ساڵ هەوڵی فێربونی زمانی کۆری داوە، ئێستا کە خۆی فێربوە لەڕێگەی دروستکردنی فەرهەنگێکەوە کار ئاسانی بۆ ئەو کەسانە دەکات کە هەمان خولیای ئەویان هەیە، دەشڵێت: بۆ پێداچونەوەی وردی فەرهەنگەکە کونسوڵی کۆریا لە هەولێر یارمەتیدەرم بو.
سۆزیار نەوزاد، ٢٢ ساڵ، کچێکی دانیشتوی شاری سلێمانیە، فێرخوازی قۆناغی چوارە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی بەشی گرافیک دیزاین.
وەکخۆی بۆ نەوژینی گێڕایەوە: لە تەمەنی ١٢ ساڵیەوە هەوڵ بۆ فێربونی زمانی کۆری دەدەم، لەگەڵ فێربونی زمانەکە دا هەوڵمداوە شارەزا بە کلتور و شارسیانیەتی ئەو وڵاتەش ببم.
وتیشی: لەو ماوەیە دا بەشداریم لە چەندین خولی ئۆنڵاین کردوە بۆ ئەوەی بەباشی فێری زمانەکە ببم.
سۆزیار لەگەڵ سەرکونسوڵی کۆریای باشور لە هەولێر
ئێستا سۆزیار خاوەنی فەرهەنگێکی کوردی-کۆریە بەناوی (سۆز بۆ فێربونی زمانی کۆری)، فەرهەنگەکە لە ئەلف و بێی زمانی کۆریەوە دەستپێدەکات، لە فەرهەنگەکە دا جگە لە هەبونی چەندین وشە، بەشێوەی زانیاری کورت خوێنەر ئاشنای کلتور و دابونەریتی ئەو وڵاتە دەکات.
لەبارەی فەرهەنگەکەوە سۆزیار وتی: لەگەڵیدا زۆر ماندو بوم، بۆ دڵنیابونەوە و پێداچونەوەی وردی فەرهەنگەکە کونسوڵی کۆریا لە هەولێر یارمەتیدەرم بو.
خوێنەرانی فەرهەنگەکە کاردانەوەی ئەرێنیان بەرامبەر بە فەرهەنگەکەی سۆزیار هەبوە.
وتی: دڵخۆشم، چونکە فێرخوازانی کتێبەکەم کاردانەوەی باشیان دەربارەی فەرهەنگەکەم هەبو، ئەوان بە گرنگیەوە لەم هەوڵەی من دەڕوانن، چونکە سەرچاوەی کوردی دیکە بۆ فێربونی زمانەکە کەمە.
وێنەی بەرگی فەرهەنگەکەی سۆزیار نەوزاد
جیا لە فەرهەنگەکەی، سۆزیار خولی فێربون بۆ ئارەزومەندانی زمانەکە دەکاتەوە، وتی: ساڵانە لەکاتی پشوەکانی هاوین، لەڕێگەی خولی ئۆنلاینەوە وانەی فێربونی زمانی کۆری بۆ هەر سێ ئاستی (سەرەتایی، ناوەندی و باڵا) دەکەمەوە، فێرخوازم لە هەمو ئاستەکان هەیە و خۆیان دەڵێن سودی زۆر لە خولەکانم دەبینن.
سۆزیار، پلانی گەورەی هەیە و دەیەوێت بە سود وەرگرتن لە فێربونی زمانەکە و کلتوری وڵاتەکە، لە داهاتو دا کاری گەورە بکات.
وەکخۆی ئاماژەی پێکرد: دەمەوێت لەدوای تەواوکردنی زانکۆ بۆ خوێندنی ماستەر رو لە وڵاتی کۆریا بکەم، هەر لەوێوە دەست بە کاری بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریا بکەم، چونکە ئەو وڵاتە لەڕوی بازرگانیەوە زۆر بەهێز و پێشکەوتوە.