بەهار ئامێدی: پێنج رۆبۆتم دروستکردوە و پڕۆگرامم کردون

2023/03/26    705 جار بینراوە

 

* نەوژین، لەیس حسێن

ماوەی سێ ساڵە کاری پڕۆگرامینگ دەکات، توانیویەتی پێنج رۆبۆت دروستبکات و پڕۆگرامیشیان بکات، جگە لەوە دروستکەری سیستمێکی خوێندنی ئۆنلاینیشە.

بەهار سلێمان ئامێدی، ٣٣ ساڵ، دانیشتوی شاری دهۆکە و دەرچوی بەشی زانستی کۆمپیوتەرە و لە ئێستادا مامۆستایە لە بوارەکە، نزیکەی سێ ساڵە دەستی بە کاری پڕۆگرامینگ کردوە و تاوەکو ئێستا پێنج رۆبۆتی دروستکردوە.

وەک خۆی بۆ نەوژینی گێڕایەوە: ئەو کاتەی کەرەنتینە بوین بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا واتا ساڵی (٢٠٢٠)، لەڕێگەی خولی ئۆنلاینەوە سودم لە کاتەکەم وەرگرت و دەستم بە خوێندنی پڕۆگرامینگ کرد، دواتر هەر لەو ماوەیەدا خولی کۆدینگیشم وەرگرت.

 

لەدوای بینینی خولەکان بەهار دەستی بە دروستکردنی رۆبۆت کردوە. 

ئاماژەی بەوەکرد: دوای ئەوەی بڕیارمدا دەست بە دروستکردنی رۆبۆت بکەم، توانیم لەماوەی ٦ بۆ ٨ مانگ رۆبۆتی یەکەمم دروستبکەم و پڕۆگرامی بکەم.

بەهار، تاوەکو ئێستا پێنج رۆبۆتی دروستکردوە و پڕۆگرامیشی کردون، کە بریتین لە رۆبۆتی: دوپشک، سەگ و جوجکە و دو رۆبۆتی مرۆڤیش.

 

وتی: بەهۆی دروستکردنی رۆبۆتەکانمەوە لەلایەن ئۆڵۆمپیادی عێراق لە ساڵی 2022 کە لە سلێمانی رێکخرابو، لەگەڵ فێرخوزەکانم رێزلێنانی یەکەممان پێبەخشرا کە خەڵاتێکی زێڕین بو.

ئەو جگە لە دروستکردنی رۆبۆت، دروستکەری سیستمی خوێندنگەیەکی ئۆنلاینە، وەک ئاماژەی پێدا: سیستمەکە هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی مامۆستایان بە نوسینی زانیاریەکانی خوێندکاران و وانەکان ماندو نەبن، هەروەک بەسودیشە بۆ خوێندکاران تاوەکو بەشێوەیەکی باشتر و بە کوالێتیەکی بەرزتر فێر ببن.

بەهار، هاوکات لە رۆژی (هەشتی مارسی ئەمساڵ) و بەهۆی رۆژی جیهانی ژنان، وەک یەکێک لە هەشت ژنی کاریگەری شاری دهۆک خەڵاتی پێبەخشرا.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,181     ژمارەی میوان 2978

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە