*نەوژین
دوای ساڵێک لە راگەیاندنی کەپمینەکەی پایزە بۆ نەهێشتنی هاوسەرگیری پێشوەختە، ئەمڕۆ بەفەرمی یاساکە هەموارکرایەوە و چیتر لە بەریتانیا بەشودانی کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ تاوانە.
پایزە مەحمود، کچێکی چالاکی دانیشتوی وڵاتی بەریتانیایە و بە رەگەز کوردە، ئەو ساڵی رابردو (٢٠٢٢) کەمپینێکی بۆ رێگریکردن و کۆتاییهێنان بە دیاردەی بەشودانی مناڵان و خەتەنەکردنی مێینەیە راگەیاند، کەمپینەکەی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵکێکی زۆری بەریتانی پشتگیری بون، هەر بۆیە پرسەکە رەوانەی پارلەمانی ئەو وڵاتەکرا و داواکرا بە فەرمی یاساکە هەمواربکرێتەوە بکرێت.
بەپێی یاساکانی پێشتر لە بەریتانیا بەشودانی کچان لە تەمەنی ١٦ و ١٧ ساڵی دا رێگەپێدراو بو، بەڵام لەئەمڕۆ وە بەفەرمی یاساکە هەموارکرایەوە، دەقی یاساکە گۆڕدرا بۆ: هاوسەرگیری لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیەوە قەدەغەیە.
پایزە پێشتر لە لێدوانێکی دا وتبوی: بیرۆکەی کەمپینەکەم لە چیرۆکی ژیانی خۆم و هەمو ئەو کچانە وەرگرتوە، کە لەتەمەنێکی کەمدا بەشودراون، چونکە خۆم لە تەمەنی ١٦ ساڵی دا بەزۆر هاوسەرگیریم پێکرا.
پایزە، هاوکات خوشکى بەناز مەحمودە، ئەو کچەی بەر لە چەند ساڵێک لەلایەن خێزانەکەى بە پاساوى (شەرەف) لە روداوێکى تەمومژاوى دا لە وڵاتی بەریتانیا کوژرا و کوژرانەکەی دەنگدانەوەیەکى گەورەى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دروستکرد.