د.فاتن: لە گەرمیان ژنان لە بواری وەرزشدا زۆر پەراوێزخراون

2023/02/25    808 جار بینراوە

* نەوژین، هۆزان فەریق

تاکە پرۆفیسۆری وەرزشیە کە لە زانکۆی گەرمیان وانە دەڵێتەوە، باس لەوەدەکات: لە گەرمیان پێداویستی وەرزشی تایبەت بە راهێنانی ژنان نیە و ژنان لە بواری وەرزشدا زۆر پەراوێزخراون.

پرۆفیسۆر: د.فاتن عەلی ئەکبەر، هاوکات مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزش لە زانکۆی گەرمیان، گلەی ئەوە دەکات وەرزشی ژنان لە گەرمیان پەراوێزخراوە، ئەو بۆ نەوژین وتی: لە کوردستان بەگشتی و گەرمیان بەتایبەتی ژنان لە بواری وەرزش دا زۆر پەراوێزخراون، تەنانەت پێداویستیە وەرزشیەکانی ئێرە هەمو تایبەت بە راهێنانی پیاوانن و بۆ ژنان نین، ئەمەش وایکردوە ژنان نەتوانن رۆڵی خۆیان لەبواری وەرزشدا بگێڕن.

وتیشی: ئێمە ئەوە دەبینین کە لە کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەکی نزم سەیری وەرزشی ژنان دەکرێت، هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی جیا، بەشێکیان پەیوەندی بە کلتور و دابونەریتەوە هەیە، بەشێکی دیکەشی پەیوەندی بە ناوەندە وەرزشیەکانەوە هەیە کە کەمتەرخەمن لە دابینکردنی پێداویستی وەرزشی تایبەت بە خانمان.

د. فاتن، هاوکات پێیوایە راگەیاندنەکان و رێکخراوەکانی ژنان دەتوانن بە گرنگی دانیان بە وەرزشی کچان وابکەن کۆمەڵگە بۆچونی بەرامبەر بە وەرزشی کچان بگۆڕدرێت.

 

وتی: چارەسەری ئەم دۆخە لەلای راگەیاندنەکان و رێکخراوەکانی ژنانە، ئەوان دەتوانن کار لەسەر ئەم پرسە بکەن، هەم کچان ئاشنای وەرزشکردن بکەن، هەمیش بۆچونی خراپی کۆمەڵگە بەرامبەر بە وەرزشکردن بگۆڕن، هەروەک راگەیاندنەکان دەتوانن گرنگی بە وەرزشی کچان بدەن تاوەکو خەڵک وەک یاریەکانی پیاوان بڕۆنە یاریگاکان بۆ هاندانی یاریزانە کچەکان. 

د.فاتن، تاکە مامۆستای نێو زانکۆی گەرمیانە کە پلەی پرۆفیسۆری لەبواری وەرزش بەدەستهێناوە، هاوکات ماوەیەک لەمەوپێش لەپای هەوڵە زانستییەکانی لەلایەن گۆڤاری زانستی زانکۆی بەنغازی لە لیبیا کە گۆڤارێکی نێودەوڵەتییە، وەک راوێژکار و هەڵسەنگێنەری سەرەکی دەستنیشانکرا، هەروەک خاوەنی دەیان توێژینەوەی زانستی ئاستبەرزە لەبواری پسپۆڕییەکەی خۆی.

وەکخۆیشی وتی: لە خێزانێکی وەرزشدۆست لەدایک بوم و هەمیشە حەزم لە وەرزش بوە.
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,722,184     ژمارەی میوان 2093

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە