* نەوژین، بەنان فاروق
ماوەی ٢٤ ساڵە کاری دروستکردنی سیرامیک دەکات و خاوەنی سێ پێشەنگای تایبەت بەخۆیەتی، دەڵێت: کارەکەم نەبوەتە هۆی دابینکردنی بژێوی ژیانم.
مهاباد جەمال، ٥١ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانی، هاوسەرگیری کردوە و دایکی مناڵێکە، ماوەی ٢٤ ساڵە کاری دروستکردنی سیرامیک دەکات.
ئەو چیرۆکی خۆی بەمشێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: سەرەتا بە وێنەکێشان دەستمپێکرد، دواتر و دوای بەشداریکردنم لە خولێکی تایبەت بە دروستکردنی کاری سیرامیک، بڕیارم دا دەست بەم هونەرە بکەم و تاوەکو ئێستاش بەردەوامم.
مهاباد، خاوەنی سێ پێشەنگای تایبەت بە خۆیەتی، بەشداری لە چەندین پێشەنگای هونەری لە شارەکانی کوردستان و ئێران کردوە، لەگەڵ ئەوەدا ساڵی ٢٠١٨ گەلەریەکی بەناوی (گەلەری ئاهو) کردەوە و تێیدا بەشێک لەکارەکانی نمایشکرد.
"سیرامیکم هەڵبژارد، چونکە دەرونم ئاسودە دەکات و چێژی زۆر لە دروستکردنی کارەکانم وەردەگرم، ئەوەی بە زمان ناتوانم بیڵێم بە کارەکانم دەیڵێم". مهاباد، وای وت.
وتیشی: ئامانج لە دروستکردنی کارەکانم خزمەتکردنە بە نیشتیمان و مێژوی کورد.
کارە سیرامیکیەکانی مهاباد، بەتەنها کاری بچوک نین، ئەو خاوەنی دو کاری سیرامیکی گەورەیە، کارێکی بەناوی (شاکاری گڵجۆشی گۆران) لەنێو پارکی ئازادی لە سلێمانی دانراوە، کارێکی دیکەشی لە سەرچنار دانراوە، وەکخۆیشی ئاماژەی پێکرد: بەمزوانە پەردە لەسەر کارێکی نوێم لە پارکی ئازادی سلێمانی لادەدەم، ئەو کارەم گەورەترە لە کارەکانی دیکەم.
بە گشتی لە کوردستان شێوەکاران کێشەیان ئەوەیە ئەو کارانەی دەیکەن، هیلاکی زۆری هەیە، بەڵام لەبەرامبەردا داهاتێكى مادیی کەمیان ههیه، ئەم کێشەیە، کێشەی مهابادیشە.
وەک ئاماژەی پێکرد: کارەکانم سەرباری ئەوەی زۆر ماندو دەبم لەگەڵیان، بەڵام فرۆشیان کەمە و نەبوەتە هۆی دابینکردنی بژێوی ژیانم، هەروەک بەزۆری ئەوانەی کارەکانم دەکڕن کەسانی بیانیین نەوەک کورد.
چهند نمونهیهك له كارهكانى مهاباد