ئەختەر: ٣٠ هەزار کەسم فێری شۆفێری کردوە

2023/02/05    1115 جار بینراوە

 

* نەوژین، شێوان رۆستەم 

٢٧ ساڵە نوسینگەی شۆفێری هەیە، وەکخۆی دەڵێت: تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسم فێری شۆفێری کردوە، چاویشی لەوەیە لقی نوسینگە شۆفێرییەکەی لە شارەکانی دیکەش بکاتەوە.

ئەختەر رەئوف، 69 ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانیە، خێزاندارە و خاوەنی حەوت مناڵە، وەک یەکەم ژن لە هەمو عێراق نوسینگەی شۆفێری تایبەت بەخۆی لەساڵی (٢٠٠٥) کردوەتەوە. 

ئەو بۆ نەوژینی گێڕایەوە: سەرەتا لە لێخوڕینی تراکتۆرەوە دەستمپێکرد، ئەوکاتەی بۆ یەکەمجار دەستم بە شۆفێری کرد تەمەنم تەنها ٩ ساڵ بو، لەو تەمەن و سەردەمەدا چونکە ژنی دیکە نەبو ئەم کارە بکات و لەبەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەوکات، لەکاتی لێخوڕین دا جلی پیاوانەم لەبەردەکرد.

 

ئەختەر، ماوەی ٢٧ ساڵە خەڵک فێری شۆفێری دەکات، دەڵێت: ١٨ ساڵ پێش ئێستا وەک یەکەم ژن لە عێراق نوسینگەی شۆفێریم کردەوە، ئەوکات لە هەمو سلێمانی تەنها ١٧ نوسینگە هەبو، بەڵام پێشکردنەوەی نوسینگەش خەڵکم فێری شۆفێری دەکرد.

"نوسینگەکەم یەکێکە لە نوسینگە پێشکەوتوەکان و وانەی تیۆری و کرداری بە فێرخوازەکان دەڵێینەوە"، ئەختەر وای وت.

وتیشی: تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسم فێری شۆفێری کردوە.

 

ئەختەر ئێستا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی و دو لە بوکەکانی پێکەوە لە نوسینگەکەی کاردەکەن، وەکخۆی باسی لێوەکرد: خێزانەکەم پشتگیر و یارمەتیدەری سەرەکیم بون لە دانانی نوسینگەکەم. 

ئەو کە خۆی ماوەی ٤٠ ساڵە مۆڵەتی شۆفێری هەیە، دەیەوێت پەرەی زیاتر بە کارەکەی بدات، چاوی لەوەیە جگە لە سلێمانی لقی نوسینگە شۆفێرییەکەی کە هەر بەناوی خۆیوەیەتی (نوسینگەی شۆفێری ئەختەرخان) لە شارەکانی دیکەش بکاتەوە.

وتی: خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی دیکەوە بەمەبەستی فێربونی شۆفێری رو لە نوسینگەکەم دەکەن، بۆیە بیرم لە کردنەوەی لقی دیکە لە شارەکانی دیکە کردوەتەوە.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,848     ژمارەی میوان 203

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە