لە هەرێمی کوردستان ٤٤ ژن لە ٢٠٢٢ دا کوژراون

2023/02/01    771 جار بینراوە

 

* نەوژین

ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئامارەکانی ساڵی رابردوی تایبەت بە بەڕێوبەرایەتیەکەی راگەیاند و بەپێی ئامارەکان ساڵی رابردو لە هەرێم ٤٤ ژن کوژراون.

ئەمڕۆ (١ـی شوبات) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا فێنک شەفیق، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنانی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

بەپێی ئامارەکان ساڵی رابردو ١٥٨٩٧ دۆسیەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، کە ١٠٩٦٠ حاڵەتیان بەرامبەر بە ژنان بوە، ٥٤٥٩ حاڵەتیشیان بەرامبەر بە پیاوان بوە.

لەو ژمارەیە ٤٩٤٦ کەیس بە کراوەی ماونەتەوە، ٨٣٤٦ کەیس داخراون، ٢٦٠٥ کەیسیش رەوانەکراوە، واتا هێشتا کەیسەکە لە مەحکەمە ئیشی لەسەر دەکرێت.

زۆرترین دە جۆری کەیسەکانیش بەپێی سکاڵاکان بەم شێوەیە بون:  ( ٣٥١٥ کەیسی لێدان، ٣٤٠٣ کەیسی شەڕکردن، ٢٦٥٩ کەیسی هەڕەشەکردن، ٥٣٩ کەیسی ناپاکی هاوسەری، ٤٨٢ کەیسی سوکایەتی، ،٢٣٤ کەیسی بوختان، ٤٣٢ کەیسی لەماڵ دەرکردن، ٤٢٠ جنێودان، ٣٣٨ ماڵ جێهێشتن). 

هاوکات دەربارەی رێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان، بەڕێوبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی رایگەیاند: ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لای ئێمە نیە و لای بەڕێوبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمە، بۆیە ئاماری کوشتن، خۆکوشتن، سوتان و خۆسوتاندنی ژنانمان لانیە

 هەروەک راشیگەیاند: بەڵام بەپێی ئامارەکان کە لە بەڕێوبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێممان وەرگرتوە، ساڵی رابردو (٢٠٢٢)، ٤٤ ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,764     ژمارەی میوان 89

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە