* نەوژین، سێوە زۆراب
خانمێکی کورد ماوەی چوار ساڵە وەک یەکەم کەس لە عێراق کارگەیەکی بەرهەمهێنانی زەیتی سروشتی دامەزراندوە و دەڵێت: زۆرینەی کارمەندەکانم ژنن.
دونیا قادر، خانمێکی بە رەگەز کوردە و لەدایکبوی شاری بەغدایە، خاوەنی بڕوانامەی کیمیا و سروشتە کە لە وڵاتی سوید بەدەستیهێناوە، خێزاندارە و دایکی دو کچە، ماوەی چوار ساڵە لە شاری سلێمانی کارگەیەکی زەیتی کردوەتەوە و لەڕێگەیەوە زەیتی سروشتی بەرهەم دەهێنێت.
لەبارەی بیرۆکەی دروستکردنی کارگەکەیەوە دونیا بۆ نەوژین وتی: دوای گەڕانەوەم بۆ کوردستان، بینیم هیچ شوێنێکی بەرهەمهێنانی زەیتی سروشتی لە هەرێمەکەمان نیە، لەکاتێکدا خەڵکێکی زۆر خواستیان لەسەری هەیە، بۆیە بڕیارمدا دەست بەم کارە بکەم.
![](/images/25-01-2023-05-52-19-106857.jpg)
دونیا ئێستا تەمەنی ٥٠ ساڵە، ماوەی ٢٥ ساڵ لە سوید ژیاوە و لەوێ کاری لەبواری بەکارهێنانی بەرهەمی کیمیایی بۆ جوانکاری پێست و قژ کردوە، هەر لەو ماوەیەدا لەگەڵ ٢٠ وڵات کاری کردوە لەبەرهەمی کیمیایی زەیت، بۆیە ئەزمونێکی باشی لەبوارەکە وەرگرتوە.
وەکخۆیشی ئاماژەی پێکرد: سەرەتا لە دوکانێکی بچوکەوە دەستم پێکرد، تاکو ئەزمونێکی باشم لەکارەکە وەرگرت، دواتر چونکە کڕیارەکان لە کارەکانمان زۆر رازی بون، بیرمکردوە کارەکەم فراوانتر بکەم، بۆیە بڕیارم دا کارگەیەک دابمەزرێنم.
وتیشی: یەکەم کەسبوم لەهەمو عێراق کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی سروشتیم دامەزراند.
![](/images/25-01-2023-05-52-07-073038.jpg)
کارگەکەی دونیا بە ناوی کارگەی (زەیتی ڤی ڤی)ـەوەیە، هەروەک تێیدا چەندین بەرهەمی سروشتی بەرهەم دەهێنرێت، کە بریتین لە: ٢٨ جۆر زەیت، ١٠ جۆر کەرەی چەرەزات، دۆشاوی خورما، راشی و حەلوا، لەگەڵ ئەمانەدا دونیا خاوەنی کارگەیەکی دیکەیە لە وڵاتی ئێران کە تێیدا ئامێری کارەبایی دروستدەکات و بۆ وڵاتانی دەرەوەی هەناردە دەکات.
ئەم هەنگاوەی دونیا هەرچەندە پێشتر هیچ ژنێک ئەنجامی نەدا بو، بەڵام وەکخۆی دەڵێت: لەلایەن خەڵک و دەوروبەرمە توشی ئاستەنگ و رێگری نەبومەوە.
دونیا، روی دەمی لە کچان کرد و وتی: پەیامم بۆ خانمان ئەوەیە کاربکەن، لەکاری بچوکەوە دەستپێبکەن، هیچ کات درەنگ نیە بۆ دەستپێکردن.