* نەوژین
پارێزەری کەیسی ئەو کچە تەمەن پازدە ساڵەی دوێنێ بەدەستی باوکی کوژرا، دەڵێت: دوێنێ لە پزیشكى دادی هەولێر بوم، دکتۆرەکان وتیان: تاکو ئێستا نەمانبینوە هیچ مناڵێک بەمشێوە لەلایەن باوکیەوە بکوژرێت.
پێش نیوەڕۆی دوێنێ هەینی (٦ـی کانونی دوەمی ٢٠٢٣) لە گەڕەکی موفتی لە هەولێر کچێک بەناوی (رەها ب.ف)، تەمەن ١٥ ساڵ، بەدەستی باوکی کوژرا، دواتر پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: تۆمەتبارەکە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرە و دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەڵهاتوە و دەستگیرنەکراوە.
لەبارەی روداوەکەوە سیامهند عهبدولقادر، پارێزهرى كهیسى رەها و خێزانەکەی، لە پەڕەی تایبهتى خۆى له تۆڕى كۆمهڵایهتى فهیسبوك نوسیویهتى: شەش مانگ پێش ئێستا تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانم ئاگادارکردەوە ئەگەر فریای ئەم مناڵانە نەکەون کارەسات رودەدات، ماوەی دو مانگە دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمهتبار دەرکردوه بە تۆمەتی کوشتن، بەڵام بەداخەوە لایەنی پەیوەندیدار کەمتەرخەم بون لە دەستگیرکردنی تۆمەتبار، تا کچەی بەناوی (رەها) کە تەمەنی تەنها 15 ساڵ بو كوشت.
پارێزەری کەیسەکە لەبارەی شێوازی کوشتنی رەهاوە نوسیویەتی: تۆمهتبار كچهكهى هەڵواسیوە، نینۆکی پەنجەکانی بە پلایس هەڵکێشاوە، بە کارەبا و کەتەر و کێبڵ لێیداوە تا گیانی لەدەستداوە، دوێنێ خۆم لە پزیشكى دادی هەولێر بوم، دکتۆرەکان وتیان: تاکو ئێستا نەمانبینوە مناڵێک بەمشێوە لەلایەن باوکی بکوژرێت.
ئهو پارێزهره ئاماژەی بەوەشکردوە: شەش مانگ پێش ئێستا کاتێک تەواوی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مافی مناڵان و لایەنە پەیوەندیدارهکانم ئاگادارکردەوە لەئەگەری رودانی ئەم کارەساتە، ئەوکات رەها پێیوتم: هیچ کەسێک هیچ ناکات من دەمرم.
بەپێی زانیاریەکان دایکی رەها نزیکی دو ساڵە بەهۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و بازرگانی پێوەکردن لەلایەن باوکی رەهاوە لە هاوسەرەکەی جیابوەتەوە، رەها و مناڵەکانی دیکەش لەلای باوکیان و پورێکیان ماونەتەوە.