دادگای فیدراڵی عێراق بەبڕیارێک کار ئاسانی بۆ هێنانی ژنی دوەم دەکات

2022/12/01    576 جار بینراوە

 

 * نەوژین

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مادەیەکی یاسای هەمواری باری کەسێتی پارلەمانی کوردستان تایبەت بەهێنانی ژن دوەم دەدات و دەڵێت ‘نادەستوری’ـە

دوێنێ (٣٠ـی تشرینی دوەم) دادگاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەى مادەى 18ـی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى و بە "نادەستوری" لەقەڵەم دا، دەقی مادە هەموارکراوەکە دەڵێت: "ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابونەوەى دەبێت”، بەڵام وەک لە دەقی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا هاتوە؛ ئەو هەموارەى مادەى یاساکە لە پارلەمانى کوردستان، پێچەوانەى دەستورى عێراقە کە تێیدا ئایینى ئیسلام بنەماى سەرەکییە.

رونیشیکردوەتەوە؛ بڕیارەکە لەسەر تانەی دادگاى بارى کەسێتى هەڵەبجەوە کە پێشکەشی دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق کراوە، دراوە. 
 
بەم پێیەش دەبێت لەهەرێمی کوردستانیش کار بە بڕگەی پێنجی مادەی 40ـی یاسای باری كەسێتیی عێراق بکرێت کە ئێستا ‏ لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق كاری پێدەكرێت، دەقی ئەم یاسایە دەڵێت؛ ئەگەر پیاوێك بەبێ ‏رەزامەندیی دادگا هاوسەرگیری دوەم ئەنجامبدات، هاوسەری یەکەمی بۆی نییە ‏سكاڵای یاسایی تۆماربکات و داوای جیابونەوە بکات، بەمەش هێنانی ژنی دوەم لەلایەن پیاوانەوە نابێتە پاساوى یاسایی بۆ جیابونەوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,654,145     ژمارەی میوان 1739

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە