* نەوژین، بوستان ناسر
لە پارێزگای هەڵەبجە دو خوشک دەست بۆکارێکی جیاواز دەبەن، ئەوان دیزاینی جلوبەرگ و جانتا بە چنینی ئەتەمینی مەکینەی کۆمپیوتەری دەکەن.
رەیان و چاوان هیدایەت، دانیشتوی ناحیەی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەن، رەیان تەمەنی ٢٢ ساڵە و دەرچوی بەشی زمانی ئینگلیزیە، چاوانیش تەمەنی ٢١ ساڵە فێرخوازی قۆناغی پێنجی کۆلێژی دەرمانسازیە، ماوەی چهند مانگێكه دەستیانکردوە بە کاری دیزاینکردن و چنینی جلوبەرگ و جانتا.
کارەکەیان بریتیە لە دروستکردن و دیزاینکردنی: كراس "قەمیس"، جلی دەرەوە و جانتای بچوک و گەورە بە چنینی ئەتەمینی مەکینەی کۆمپیوتەری.
لەبارەی بیرۆکەی کارەکەیانەوە، رەیان وتی: بیرۆکەی کارەکەمان لە دایکمانەوە وەرگرتوە، چونکە ئەو ماوەیەکی زۆرە کاری لێدانی نەخشی مەکینەی کۆمپیوتەری لە جلی ماڵەوە و جلی کوردی دەکات، بۆیە ئێمەش بیرۆکەی ئەوەمان بۆ هات ئەم نەخشانە بگوازینەوە بۆ سەر جلی دەرەوە و جانتا، چونکە ئەم ئیشە لە کوردستاندا نیە.
ئامانجیان لە کارەکە هەبونی براندێکی نێوخۆییە کە سەرجەم کارەکانی لە نێوخۆی کوردستان ئەنجامبدرێت، ئیستا لەڕێگەی ئۆنلاینەوە کارەکانیان ئەنجامدەدەن و هەندێکجاریش لەپێناو ناساندنی براندەکەیان بەشداری پێشەنگاکان دەکەن.
"تەنها خێزانەکەمان پاڵپشتمان بون، تەنانەت هیچ رێکخراوێک و لایەنێکیش هاوکاریان نەکردوین، هەروەک بەشداری هیچ کۆرسێکیشمان نەکردوە، تەنها بە ئەزمون و تاقیکردنەوە فێربوین". چاوان وای وت.
وتیشی: چاومان لەوەیە لە داهاتودا بتوانین شوێنێکی گەورەتر بکەینەوە و بەرهەمەکانمان بەتەواوی وەک براندێکی نێوخۆیی بناسێنین و لەرێگەیەوە هەلیکار بۆ گەنجان بڕەخسێنین.
سەرباری ئەوەی هاوشێوەی چاوان و رەیان چەندین خانمی دیکە لەشاری هەڵەبجە هاتونەتە نێو بازاڕی کارەوە و کاری سەربەخۆ دەکەن، بەڵام هیچ داتایەکی فەرمی لەبارەی ژمارەیانەوە نیە، ئەوەی هەیە تەنها ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجەیە کە ئامارەکانیان تەنها تایبەتە بەو خانمانەی لەلایەن رێکخراوەکانەوە پشتگیری پرۆژەکانیان کراوە، هەروەک ئەو خانمانەی لەم بەڕێوبەرایەتیە ناویان تۆمارکراوە ژمارەیان (٤٥) خانمە.