غەزال نەیهێشت دایکی بکوژرێت و خۆی بوە قوربانی

2022/11/23    505 جار بینراوە

 

* نەوژین

کچە خوێندکارێکی کۆلێژی یاسا لە وڵاتی ئێران، دوای ئەوەی پۆلیس لەگەڵ دایکی دا دەیکەنە ئامانج، ئەو خۆی دەکاتە قوربانی تاکو دایکی رزگاربکات، بەهۆیەوە ئێستا چاوێکی لەدەستداوە.

غەزال رەنگێکش، خوێندکاری کۆلێژی یاسا لە شاری بەندەر عەباس لە وڵاتی ئێران، دوای تەواوبونی رۆژەکەی و لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە لەگەڵ دایکیدا، بەهۆی فیشەکێکەوە کە لەلایەن کەسێکەوە دەتەقێندرێت و وەک دەوترێت کەسەکە 'بریکاری جلوبەرگی ئاسایی' کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بینایی چاوی راستی لەدەستدەدات.

لە پۆستێکیدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام غەزال نوسیویەتی: لەکاتی گەڕانەوەمدا بۆ ماڵەوە لەدوای ٤ کاتژمێر لە نێو کۆلێژ و ٩ کاتژمێر لە کارکردن، تێبینی ئەوەم کرد کە کەسێکی چەکدار من و دایکمی کردوەتە ئامانج، منیش بێ بیرکردنەوە خۆم دایە پێش دایکم دا تاکو ئەو بپارێزم. 

نوسیویەتیشی: لە ئەنجامدا فیشەکەکە بەر چاوی راستم کەوت و بەهۆیەوە ئێستا ئەو چاوەم بینایی لەدەستداوە و هیچ کاتیش ناتوانرێت چاک بکرێتەوە، چونکە تۆڕی چاوم بە تەواوی تێکچوە و نزیکەی ٥٢ درزی تێکەوتوە.

غەزال، لەبارەی ئەو کەسەی هەوڵی کوشتنی داوە دەڵێت: ئەو کەسە نەیزانی کە من کچێکی دژە فیشەکم، رۆح و جەستەم لەوە زیاترە بە بینینی دەمانچەی دەستی بلەرزم و خۆم بکێشمە دواوە تاکو بەر دایکم بکەوێت، من ئەو کاتەشی فیشەکەکەم بەرکەوت راستەوخۆ لەو دەمەدا وتم: "دایکە تەقەت لێکرا، ئایا تۆ باشیت؟".

 ئەو لەدوای ئەو رۆژەوە بە یەک چاوی دونیا دەبینێت، بەڵام دڵخۆشە، چونکە دایکی پاراستوە، ئەو نوسەر بو و ئێستاش دەیەوێت کتێبێکی دیکە بنوسێت، بەڵام ئەوەی لە بیری ناچێتەوە کۆتا دیمەن بوە کە بەچاوەکانی بینیویەتی کە ئەویش 'زەردەخەنەی ئەو کەسە بوە کاتێک تەقەی لێکردوە'.

ئێستا غەزال بەردەوام لەبەردەم ئاوێنەکەیدا قسە لەگەڵ ئەو کەسەدا دەکات و دەڵێت: تێناگەم بۆچی لێت دام، ئەی بۆچی لەوکاتەدا زەردەخەنەت دەکرد؟.

غەزال، یەکێکە لەو سەدان قوربانییەی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردودا بەهۆی فیشەکەکانی بریکارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بریندار بونە، لەدوای گیان لەدەستدانی 'ژینا ئەمینی'ـەوە لە (١٣ـی ئەیلول) و بەپێی ئامارەکانی نوسینگەی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ٢٥ پارێزگای ئێران خۆپیشاندان دەستیپیکردوە و داوای ئازادی دەکەن، هەربەپێی ئامارەکان تاکو ئێستا زیاتر لە (٣٠٠) کەس کوژراون کە بە نزیکەی (٥٠)ـیان مناڵن، ئەمە لەکاتێکدایە چالاکوانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێیان وایە ژمارەی قوربانیان زۆر زیاترە لەم ژمارانە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,663     ژمارەی میوان 303

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە