* نەوژین، شنۆ نوری
ماوەی شەش ساڵە دەستی بەکاری هەنگەوانی کردوە، لە ئێستا (۱۰۰) سندوق هەنگی هەیە و دەڵێت: بەرهەمەکانم لە رێگەی ئۆنلاین و فیستیڤاڵە نێوخۆییەکانەوە دەفرۆشم.
ساکار حەمەکەریم، دانیشتوی شاری سلێمانی، هەشت ساڵە کۆلێژی کشتوکاڵی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردوە، خۆشەویستی زۆری بۆ هەنگ و کەمی ئیشکردنی ژنان لە بوارەکەدا کردوە بە دەرفەتێک و دو ساڵ دوای تەواوکردنی زانکۆ هەنگەڵانێک لەگوندی بێوری لە قەزای شارباژێر دروستدەکات.
لەبارەی هەنگەڵانەکەیەوە بۆ نەوژین وتی: لە هەنگەڵانەکەمدا ئێستا (۱۰۰) سندوق هەنگ هەیە، کە لە جۆری (کارینکا و کرینۆک)ـن، هەروەک جگە لەهەنگوین، هەنگ و شاهەنگ و چەند بەرهەمێکی دیکە بەرهەم دەهێنم.
ساکار، بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانی پەیجێکی لە تۆڕی کۆمەڵاتی فەیسبوک دروستکردەوە و لەڕێگەیەوە بەرهەمەکانی دەفرۆشێت، هەندێک جاریش بەشداری فیستیڤاڵە خۆماڵیەکان دەکات و لەو رێگەیەوە دەیانفرۆشێت.
سەبارەت بە ئەو ئامێرانەشی بۆ بەخێوکردنی هەنگەکان بەکاری دەهێنێت، وتی: ئامێرەکان لە دەرەوەی کوردستان دەیانکڕم، تەنانەت ئەو شوشەشی کە هەنگوینەکەی تێدا هەڵدەگرم هەر لە دەرەوە دەستم دەکەوێت، ئەمە کێشەیە بۆ ئێمە، چونکە لەکاتی هەر کێشەیەک لە هاوردە ئێمە زیان دەکەین.
بەزۆری ئەو کەسانەی کاری بەرهەمهێنانی بەرهەمی نێوخۆ لە کوردستان دەکەن کێشەی گەورەیان ساغ نەبونەوەی بەرهەمەکانیانە لە بازاڕدا، بەڵام وەک ساکار باسی لێوەدەکات، هەنگەوانەکان لەم کێشەیە بە دورن.
دەڵێت: بەرهەمی هەنگ بە گشتی بەراورد بە بەرهەمە خۆماڵیەکانی دیکە زوتر ساغ دەبێتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو سودە زۆرانەیە کە هەیەتی، هەروەک بە خۆشحاڵیەوە ئێمە وەکو هەنگەوانەکان بەردەوام هاوکاری یەکترین بۆ ساغکردەوەی بەرهەمەکانمان بۆیە لە کێشەی ساغنەبونەوە بەدورین.
بەپێی ئاماری تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان (١٦ هەزار) هەنگەوان هەن، کە پێکەوە (٧٠٠ هەزار) پورەهەنگیان هەیە و ساڵانە (٩٥٠) تۆن هەنگوین لەم پورەهەنگانە بەرهەمدەهێنن.
بەڵام هیچ داتایەکی تایبەت بە رێژەی کارکردنی ژنان لە بوارەکەدا و رێژەی ئەو پورەهەنگانەی هەیانە، بەردەست نیە.