وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم داوای هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای نەوجەوانان دەکات

2022/10/23    465 جار بینراوە
 
* نەوژین
   
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم لەڕێگەی نوسراوێکەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای ژمارە (٥)ـی ساڵی ٢٠٢٢ـی تایبەت بە چاودێری نەوجەوانان دەکات.
 
لە نوسراوێکدا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم داوای هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای چاودێری نەوجەوانان دەکات و دەقی نوسراوەکە دەڵێت: ئێمە لەگەڵ هەمواری یاسای ژمارە (٥)ـی ساڵی ٢٠٢٢ تایبەت بە جێبەجێکردنى یاساى چاودێرى نەوجەوانان نین، چونکە یاساکە بەتەواوی پێچەوانەی مافەکانی مناڵانە.
  
هەر لەبارەی یاساکەوە، دادوەری خانەنشین: لەتیف مستەفا، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی: ئەم ھەنگاوەی پارلەمانی کوردستان دژی چەندین رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی مافەکانی نەوجەوانان و مناڵانە، هەروەک دژی مادەی ٣٧ برگەی « ب» لەرێککەوتننامەی مافی مناڵانی عێراقیشە کە لەساڵی ١٩٩٤ـەوە پەسەندی کردوە و کردویەتی بە بەشێک لە یاسای ناوخۆیی وڵات.
 
نوسیویەتیشی: ئەم یاسایە کاریگەری خراپی دەبێت و دادگاکانی نەوجەوانان ناچار دەکات سزای دژی نەوجەوانان بەتایبەتی سزای زیندانی زیاتر بکەن.
 
پارلەمانی کوردستان لە ٢٢ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هەمواری هەریەک لە ماددەکانی ٧٦ و  ٧٧ و ٨٠ـی یاسای ژمارە (٧٦)ـی ساڵی  (١٩٨٣) تایبەت بە چاودێری نەوجەوانانی پەسەندکرد، کەبەپێی هەموارەکە مناڵان و مێردمناڵان و هەرزەکاران لەکاتی ئەنجامدانی تاواندا دەبێت بەپێی سزای تاوانەکانیان بنێردرێنە قوتابخانەى شیاندنى تایبەت تاکو ماوەی سزاکانیان تەواودەکەن.


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,358,041     ژمارەی میوان 228

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە