* نەوژین، لەیس حسێن
سەعدیە، کچێکی ئاوارەی قەزای شەنگالە، ئاوارەبونی نەیتوانیوە رێگری لەخەونەکەی بکات، بەڵکو لەو کەمپەی لێی دەمێنێتەوە دەستی بەکاری دورینی جلوبەرگی پێکهاتە جیاوازەکانی دانیشتوی هەرێمی کوردستان کردوە، لەهەمانکاتدا خۆیشی نمایشی کارەکانی دەکات.
سەعدیە خدر، ٢٤ ساڵ، کچێکی کوردی ئاوارەی قەزای شەنگالی سەر بە پارێزگای موسڵە، لە ئێستادا لە کەمپی 'کەبەرتو' لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێیە، ماوەی سێ ساڵە دەستی بەکاری دروستکردنی جلوبەرگی کلتوری پێکهاتە جیاوازەکان کردوە.
لەبارەی کارەکەیەوە سەعدیە، بۆ نەوژین وتی: لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە دەستم بەم کارە کردوە، چێژ لەکارەکەم وەردەگرم و دڵخۆش دەبم بە دورینی جلی پێکهاتە جیاوازەکان.
وتیشی: جلی هەمو نهتهوه و پێکهاتەکانی وەک: ئێزیدی، ئاشورى و کوردی دەدورم، مەبەستم لە کارەکەم پاراستنی کلتور و کەلەپوری پێکهاتەکان و پێکەوە ژیان و هەمەڕەنگی نێوان هەمومانە لە کوردستان دا، پێشموایە ئێمە بەرپرسیارین لە پاراستنی ئەمە.
سهعدیه خۆی جلوبهرگهكان دروست دهكات و ههر خۆیشی نمایشی دهكات
لەپاڵ دورین و دیزاینکردنی جلی پێکهاتە جیاوازەکاندا، سەعدیە خۆی نمایشی کارەکانیشی دەکات.
لەبارەی هەبونی خواستی خەڵکیش بۆ جلەکانی، وتی: خواستێکی زۆر لەسەر جلوبەرگەکان هەیە، بە تایبەت لە کاتی بونی جەژن و مەراسیمە نەتەوەیی و ئاینیەکان دا.
لە دوای ٣ـی ئابی ساڵی ٢٠١٤ و هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر قەزای شەنگال، بەشێكی زۆری دانیشتوانی قەزاکە ئاوارەی شاری دهۆک بون، سەعدیە ئاوارەبونیان و هاتنیانی بۆ شاری دهۆک بەدەرفەتێک زانیوە تاکو پەرە بەتواناکانی بدات.
ئەو دەڵێت: بەهۆی هاتنم بۆ دهۆک دەرفەتی زیاترم بۆ رەخسا تاکو کاربکەم و سود لە تواناکانم وەربگرم، چونکە پیشوتر لە شارەکەم گرنگی و بایەخ بە تواناکانی ژنان نەدەدرا.