* نەوژین
دادوەری کەیسی کوشتنی دو خوشکەکەی چەمچەماڵ لە رونکردنەوەیەکدا لەبارەی هۆکاری ئازادکردنی تۆمەتباری سەرەکی روداوەکە کە باوکی کچەکانە، دەڵێت: بەبێ بەڵگە و دانپیادانان ناتوانین هیچ کەس دەستگیر بکەین.
لە رۆژی (١١ـی ئەیلول) و لەکاتی بەڕێوەچونی دوەم دانیشتنی دادگایی کردنی کەیسی کوشتنی دو خوشک بەناوەکانی (ئاوارە و هێلین) لە قەزای چەمچەماڵ، چاوەڕوان نەکراوانە دادگا بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتباری سەرەکی روداوەکە کە باوکیان بو دەرکرد، لەبەرامبەردا برایەکی ئەو دو کچە بە تۆمەتباری سەرەکی دیاریکرد، برای کچەکان تەمەنی لەخوار (١٨) ساڵیەوەیە و هەر لەدوای روداوەکەوە تاکو ئێستا هەڵهاتوە و نازانرێت لە کوێیە.
ئەم بڕیارە کاردانەوەی زۆری بەدواداهات، تەنانەت دوای تێپەڕینی دو هەفتە بەسەر بڕیارەکەدا، دادوەری کەیسەکە لە کارەکەی نەما و دەنگۆیەک بڵاو بوەوە کەوا بەهۆی ئەم بڕیارەیەوە دورخراوەتەوە.
بەڵام لە رونکردنەوەیەکدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە، دادوەر: سالار رەوف، دادوەری کەیسەکە، دەنگۆیەکە رەتدەکاتەوە.
دادوەرەکە لەبەشێکی رونکردنەوەکەیدا نوسیویەتی: من بەتەنها بڕیاری ئازاکردنی تۆمەتبارەکەم دەرنەکردوە، بەڵکو بڕیارەکە لەلایەن دەستەی دادوەرانەوە کە بریتین لە(سەرۆك و دو ئەندام) دەرکراوە.
لەبارەی هۆکاری بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتبارەکەشەوە دەڵێت: تۆمەتبارەکە نکوڵی لە بەڵگەکانی نێو دۆسیەکە دەکرد، لەبەرامبەریشدا دایکی کچەکان وتی سکاڵای نیە، بۆیە بەبێ بەڵگە و دانپیانان ناتوانین هیچ کەس دەستگیربکەین.
ئەم رونکردنەوەیەی دادوەری کەیسەکە لەکاتێکدایە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوکات لە کاردانەوەی بڕیارکەدا وتی: ناکرێت بە هۆکارێکی لاواز و بە ناوی "نەبونی بەڵگەی شایستە" بکوژی دو کچ ئازادبکرێت.
وتیشی: ئەمە پەیامێکە بۆ ئەو بێشەرەفانەی ژن دەکوژن پێیان دەڵێت: ئەگەر کچی خۆتت کوشت بڵێ من نەبوم، کوڕە بچوکەکەم بو و دوایی ئازاد دەکرێیت.
هەر ئەوکات شۆخان ئەحمەد، پارێزەری کەیسى دو خوشكهکە، بە نەوژینی وت: وەکو پارێزەری کەیسەکە لە بڕیارەکەی دادوەر رازی نیین و تانەی لێدەدەین.
ئاوارە و هێلین فەقێ حەسیب، پێش دو ساڵ و دوای دیارنەمانیان بۆ ماوەی 6 رۆژ، ئێوارەی رۆژی ٩ـی ئەیلولى ٢٠٢٠، لە گۆڕێكدا تەرمەکانیان بەکوژراوی لەگوندی برایم ئاغاى ناوچەی شوان، لەنزیك قەزای چەمچەماڵ دۆزرایەوە.