دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی ئاخین و باوکی دەرکرد

2022/10/05    381 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەکانی دهۆک دادگاییکردنی کەیسی کوژرانی ئاخین و باوکی بەرێوەچو و تیایدا بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بکوژی ئەو کچ و باوکە دەرکرا.
 
ئەمرۆ چوارشەممە(٥ـی تشرینی یەکەم)، دادگاییکردنی کەیسی کوشتنی ئاخینی تەمەن ٦ ساڵ و باوکی لە دادگای تاوانەکانی دهۆک بەڕێوەچو، تیایدا پاش ئەوەی تۆمەتبارەکە دانی بەتاوانەکەیدا نابو و بەڵگەی تەواویش لەسەر کەیسەکە هەبو، دادگا بە کەمتر لە دو کاتژمێر بڕیاری لەسێدارەدانی تاکو مردنی بەسەردا سەپاند.
 
تاوانبارەکە دانیشتوی قەزای زاخۆیە و لەدایکبوی ساڵی ١٩٧٠ـیە، دو ژنی هەبوە، بەڵام یەکێکیان خۆی سوتاندوە و ئێستا لە ژیان نەماوە، پێشتریش هاورێی 'فاروق میرزا'ـی باوکی ئاخین بوە.
 
'ئاخین'ـی تەمەن شەش ساڵ و باوکی ئاوارەی شەنگال بون و لە کەمپی چەمپ مشکۆ لە قەزای زاخۆ نیشتەجی بون، ئەوان رۆژی (٤ـی ئاب) بەسەردانێک و بۆ کات بەسەربردن و لەسەر داوای هاورێیەکی کە بکوژەکە بو رۆشتبونە نێو باخێک لە سنوری ئیدارەی زاخۆ و نەگەڕانەوە، دواتر تەرمی باوکەکە لەنێو باخەکەدا و دواتریش تەرمی کچەکە لە شوێنێکی نزیک لەوێ دۆزرانەوە.
 
ئەوکات پزیشكیی دادی دهۆك رایگەیاند: لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لە تەرمی 'ئاخین' دەركەوتوە لەلایەن بكوژەكەوە ئەشكەنجەیەکی زۆر دراوە و دواتر دەستدرێژی كردوەتە سەر ئەوجا کوژراوە.
 
هەر ئەوکات لە لێدوانێکیدا بۆ یەکێک لە کەناڵە راگەیاندنەکان، ئامۆزایەکی 'ئاخین'، وتی: تەرمی ئاخینمان بینی ئاسەوارێکی زۆری لێدانی پێوەبو و هەردو دەستیشی لەدواوە بەسترابونەوە.
 
تاوانبارەکە جگە لە کوشتنی ئاخین و باوکی و دەستدرێژیکردنە سەر 'ئاخین' پێش کوشتنی، تۆمەتبارە بە رفاندنی دو کچی مناڵ، بەڵام بڕیاری لەسێدارەدانەکە تەنها بۆ کەیسی ئاخین و باوکیەتی و لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسەکەی دیکەش بەردەوام دەبێت.


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,534     ژمارەی میوان 1001

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە