* نەوژین، پەیام نەجمەدین
له ماوهى كهمتر له پێنج ساڵ دا، هاوژین دوجار توشی دو نهخۆشی شێرپهنجهی جیاواز دهبێت، ئهگهرچی بۆ ماوهیهك بێئومێدی دهكهن، بهڵام دواتر به باوهڕبهخۆبونهوه درێژه به ژیان دهدات.
هاوژین شکور، ٣٠ ساڵ، كچه رۆژنامهنوسێكى دانیشتوی قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، لەماوەی چوار ساڵدا توشی دو جۆر لە نەخۆشی شێرپەنجە بوە، کە ئەوانیش (شێرپەنجەی خوێن و هێلکەدانن).
شێرپەنجەی خوێن چیە؟
شێرپەنجەی خوێن، جۆرێکی شێرپەنجەیە كە كاریگەری لەسەر خڕۆكە سپیەكانی خوێن دروست دەكات، خڕۆكە سپیەكان بە گشتی بەرپرسن لە روبەڕوبونەوەی هەوكردن و نەخۆشیەكان، ئەو كەسانەی توشی شێرپەنجەی خوێن دەبن بەشێك لە خڕۆكە سپییەكانی خوێنیان خراپ دەبێت، كە كاریگەی دەكەنە سەر خڕۆكە سپییە ساغەكان، ئەمەش كێشەی گەورە دروست دەكات.
شێرپەنجەی هێلکەدان چیە؟
شێرپەنجەی هێلکەدان یەکێك لە جۆرە بەربڵاوەکانی شێرپەنجەیە، لە دوای 50 ساڵی بەربڵاوترە، ئهگەر زو دەستنیشان نەکرێت دەگاتە حەوز و ئەندامەکانی سک و بەرەبەرە بە لەشدا بڵاودەبێتەوە، نیشانەکانی وردن و دیارنین، بەڵام دەوترێت لە بەربڵاوترین نیشانەکانی بریتین لە: سک ئەستور بون، زو میزکردن، هەستکردن بە قورسی سک، دابەزینی کێش و گۆڕان لە هەرس و قەبزی.
وهك هاوژین بۆ نهوژینی گێڕایهوه، یەکەمجار کە دەزانێت توشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بوە، چوار ساڵ پێش ئێستا بوە، ئەوکات دوای ئەوەی نەشتەرگەری ئەنجامدەدات، پزیشکەکان دڵنیای دەکەنەوە کەوا مەترسی نەخۆشیەکەی لەسەر نەماوە، بەڵام دەبێت مانگانە سەردان بکاتەوە و پشکنین ئەنجام بدات، بۆ ماوەی شەش مانگ بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت، تاکو رۆژێک لە پشکنینەکانی دەردەکەوێت، ئەمجارە توشی شێرپەنجەی هێلکەدان بوە.
لەمەبەدوا هاوژین مانگانە لەگەڵ ئەنجامدانی پشکنین، دەبێت ساڵانەش بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجەی هێلکەدانی، نەشتەرگەری ئەنجامبدات، بەهۆی ئەمەوه هاوژین زۆر بێ ئومێد دەبێت و بڕیاردەدات واز لە خوێندن و هەمو شت بهێنێت، وەک دەڵێت: "تێگەشتم کە نەخۆشیەکە بە ئاسانی وازم لێناهێنێت، بۆیە ئەو بڕیارە قورسەم دا".
دوای دو ساڵ وازهێنان، دواجار هاوژین بڕیاردەدات دەست بەخوێندن بکاتەوە، دەڕواتە پەیمانگایەکی ناحکومی قەزای کەلار و تیایدا بەشی ژمێریاری دەخوێنێت، سەرباری نەخۆشیەکەی، بەڵام دەتوانێت ببێتە یەکێک لە یەکەمەکانی بەشەکەی.
سەربارەی هەمو ئەمانە، هاوژین بەردەوامە لەو کارەی کە پێنج ساڵ پێش ئێستا دەستی پێکردوە، کە ئەویش کاری راگەیاندنە، لێبڕاوانه كار لهم بوارهدا دهكات و وهكو پهیامنێر و رۆژنامهنوس بۆ ژمارهیهك دهزگاى میدیایی كارى كردوه.
”تادێت ژیان بۆ من قورستر دەبێت،
بەڵام من بێهیوا نیم“
بهپێچهوانهى ئهوانهى كه نهخۆشی پهكیان دهخات له ژیان كردن، بهڵام هاوژین وهكو كهسێكى ئاسایی بهردهوامه له كارهكانى رۆژانهى، دەڵێت: "ئێستا هەرچەندە توشبوی شێرپەنجەم، بەڵام ژیانێکی ئاسایی دەژیم و وەک هەر مرۆڤێکی ساغ بەردەوامم لە کارکردن".
هیوا و گهشبینیی ئهم كچه رۆژنامهنوسه، هاوكاته بهو دۆخه سهختهی كه پیایدا گوزهر دهكات.
"تاکو دێت ژیان بۆ من قورستر دەبێت، هەمو مانگ سەردانکردنی پزیشك پارەیەکی زۆری دەوێت، بەتایبەت چونکە دەبێت بڕۆم بۆ سلێمانی تاکو پزیشك ببینم، سەربارەی هەمو ئەمانەش ئێستا پزیشكهكان پێم دەڵێن چارەسەرم لە کوردستان نیە و دەبێت بڕۆم بۆ ئەڵمانیا". هاوژین وای وت.
به پێداگیرییهوه وتیشی: بەڵام من بێهیوا نیم، پزیشكهكانیش بەردەوام ئاگادارم دەکەنەوە باشبونی نەخۆشیەکە پەیوەستە بە هەبونی ئومێدی چاکبونەوە و گەشبینی خۆمهوه.