* نەوژین، هۆزان فەریق
وەکو یەکەمین ژنی کورد دەبێتە جێگری سەرۆكی یەکێتی چالاكی وەرزشی زانکۆكانی عێراق و یەکێکیش بوە لە دامەزرێنەرانی کۆلێژی پەروەردەی وەرزش لە زانکۆی سلێمانی.
دیمەن فەرەج كەریم، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری پەروەردەی جەستیی و زانستە وەرزشیەكان و پلەی زانستی پرۆفیسۆری لە بوارەکەدا هەیە، هاوکات ئەزمونی ٣٩ ساڵی لەبواری وەرزشدا هەیە و ئێستاش ھەڵبژێردراوە بۆ پێگەیاندن و برەودان بەتوانای یاریزانان و گەشەدان بەئاستی زانکۆکانی عێراق.
دیمەن فەرەج، باسی ژیانی وەرزشی خۆی بەم شێوەیە بۆ نەوژین گێرایەوە: لە ساڵی ١٩٨٣ پەیوەندیم بەیانەی وەرزشی سلێمانیەوە كرد، من بەتەنها لە یەک جۆر وەرزشدا یاریم نەکردوە بەڵکو چەندین جۆر یاریم ئەنجامداوە وەك: تۆپی بالە، تێنسی سەر مێز ، تۆپی دەست، باسكە، گۆڕەپان ومیدانیش بەتایبەتی بازی بەرز و نیشانە شكاندن.
وتیشی: چەندین جار پلەی یەكەم و دوەمی ئەم یاریانەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەدەست هێناوە.
”بە ئەرکی خۆمی دەبینم هێز و توانای
خوێندكار و وەرزشكارەكان دەربخەم“
یەکەم ژنی کوردە لە مێژودا بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی یەکێتی چالاكی وەرزشی زانکۆكانی عیراق هەڵدەبژێردرێت، دەڵێت: هیوام وایە ژنانی دیکەی کوردستانیش لەبواری وەرزشدا سەرکەتن بەدەست بهێنن و پۆستی گەورەتر وەربگرن.
دیمەن، لەژیانی وەرزشی خۆیدا بەشداری چەندین پاڵەوانێتی نێوخۆی و دەرەکی کردوە، وەک خۆی دەڵێت: بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی عەرەبی لە وڵاتانی ( تونس، مەغریب، ئوردن، جەزائیر، میسر، و بەحرەین)ـم کردوە، لەم پاڵەوانێتیانە پلەی سێیەم و چوارەمم لەسەر ئاستی پاڵەوانێتی عەرەبی بەدەست هێناوە.
هەروەک دیمەن، یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی کۆلێژی پەروەردەی وەرزش لە زانکۆی سلێمانی، لەگەڵ دامەزراندنی لیژنەی ئۆلۆمپی كوردستان لەساڵی (۲٠٠٥) دەبێتە ئەندامی یەكێتی تۆپی بالەی كوردستان، پاشان بوە بە ئەندامی چالاكی وەرزشی كچان و ژنان لە لیژنەی ئۆلۆمپی كوردستان، لەساڵی (۲٠۱٥) وەكو ئەندامی یەكێتی چالاكی وەرزشی زانكۆكانی عیڕاق هەڵبژیردراوە و لە ئێستاشدا بوە بە جێگری سەرۆكی یەکێتی چالاكی وەرزشی زانکۆكانی عیراق.
دەڵێت: بە ئەرکی خۆمی دەبینم كە بتوانم چالاكی وەرزشی زانکۆکان ببوژێنمەوە و هێزو توانای خوێندكارەكان یاخود وەرزشكارەكان دەربخەم.
دەشڵێت: هەوڵدەدەم هەلی زیاتر بۆ یاریزانەکان برەخسێنم لە پاڵەوانێتیەكانی ناوەوە و دەرەوەی عێراق تاکو یارمەتیدەریانبم لەوەی دانەبڕێن لە چالاكیەكانیان و بەردەوامبن.
دیمەن، سەرکەوتنەکانی دەبەستێتەوە بە هێزی خۆی و گوێنەدان بە قسەی کۆمەڵگاش بە هۆکاری سەرەکی دەبینێت تاکو ژنان بتوانن سەرکەوتوبن.
دەڵێت: گەشتنم بەم قۆناغە خەباتێکی پڕ سەروەریە بۆم کە لەڕێگەی وەرزشەوە تۆمارم كردوە، هەمیشە كارم كردوە بۆ هاندانی وەرزشی ژنان و کچان لەنێو کۆمەڵگاكەم تا وەک خۆم سەركەوتنی بەردەوام بەدەست بهێنن و لە پلەکانی ژیان هەنگاو بنێن بێ ترس و دڵەڕاوکی لە بۆچون و بیروڕای ئەو کەسانەی نێو کۆمەڵگا کە لەگەڵ سەرکەوتنی ژناندا نین.
جگە لە کارەکانی پێشوی دیمەن خاوەنی چەند پرۆژەیەکی وەرزشی تایبەتی خۆیەتی، وەک: پرۆژەی بە کلتورکردنی پاسکیلسواری، پرۆژەی سەنتەری چارەسەری ناڕێکی و کێشەکانی جومگە لەڕێگەی وەرزش، پرۆژەیەکی تایبەتی فیرکاری وەرزشکردنی بە هەماهەنگی لەگەڵ کەناڵی کوردسات هەیە.