یاسای نوێی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ١٧ جۆر ی توندوتیژی دیاریی کردوە

2022/09/22    505 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوێنێ پارلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دوەمی هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی خێزان و ژنان لە هەرێمی كوردستان کرد، لە هەموارەکەدا (١٧) جۆر تاوان دیاریکران کە ئەنجامدانیان بە توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان هەژماردەکرێن.
 
دوێنێ چوارشەممە (٢١ـی ئەیلول) پارلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دوەمی بۆ پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی خێزان و ژنان لە هەرێمی كوردستان کرد، یەکێک لەو ماددانەی نێو پرۆژە یاساکە کە بریارە هەمواربکرێتەوە و مشتومری زۆری لە پارلەمان دروستکرد، بریتی بو لە ماددەی (٤) کە بریارە خاڵی دوی هەمواربکرێتەوە، مادەکە لەو خاڵەدا باس لە ١٧ جۆری تاوان دەکات کە ئەنجامدانیان بە توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان هەژماردەکرێن.
 
تاوانەکان بریتین لە: خۆکوشتن لە ئەنجامی توندوتیژی، هاوسەرگیری بەزۆر( ژن بە ژن، مناڵ بەشودان و بەشودان لەبری خوێن)، بەزۆر جیابونەوەی هاوسەرگیری، پچڕاندنی پەیوەندی رەحم، زۆرلێکردن بۆ کاری بەدڕەوشتی و لەشفرۆشی، خەتەنەکردنی مێینە، ناچارکردن بۆ جێهێشتنی کار یا خوێندن، دەرۆزەکردن یا کارکردنی بەزۆر، مناڵ لەبارچون لە ئەنجامی توندوتیژی، لێدان، سوکایەتی و جنێودان و تۆمەت هەڵبەستن، بەکەم تێڕوانین بەرامبەر ژن یان خێزان، ئازاردان و ئەنجامدانی گوشاری دەرونی، بەزۆر سەرجێیکردنی هاوسەری، بێبەشکردنی ژن لە مافە ئابوری و سیاسیەکان بەهۆکاری جیاکاری رەگەزی، گێچەڵپێکردن، زەوتکردنی بەڵگەنامە کەسیەکان، ئەنجامدانی توندوتیژی یا هەرەشەلێکردن لەرێی تەکنەلۆجیاوە.
 
زۆرێک لە پارلەمانتاران رەخنەیان دەربارەی خاڵی (١٣) هەبو، کە گوایە نابێت بەزۆر سەرجێیکردنی هاوسەری بە تاوان هەژماربکرێت.
 
بەڵام پارێزەر: وەهبیە زرار ئەسعەد لەمبارەیەوە بۆ نەوژین وتی: هەمو دەستدرێژیەک تاوانە بۆیە بە بیانوی ئەوەی تاوانی بەزۆر سەرجێیی هاوسەری ناسەلمێنرێ چونکە شاهێد نیە و باچاوپۆشی لە تاوان بکرێ، ئەوە تاوانێکی دیکەیە.
 
وتیشی: راستتر ئەوەیە کە بڵێین سەلماندنی ئەو تاوانانە(بەتایبەت سێکسیەکان) پێویستی بە شێوازی وردتر و زیرەکتری سەلماندن هەیە، نەوەک ئەوەی بڵێین ناسەلمێندرێت، چونکە ئەم یاسایە لە وڵاتانی دیکەش هەیە، بەڵام ئەوان رەتکردنەوەی تۆمەتەکە دەخەنە ئەستۆی تۆمەتبار و دەبێت ئەو بیسەلمێنێت کە وای نەکردوە یان گەر وایکردوە بیسەلمێنیت کە رەزامەندی پێشوەختەی سکاڵاکەری هەبوە.
 
پرۆژە هەمواری یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی خێزان و ژنان لە نۆ ماددە و 43 بڕگە و 12 خاڵی لاوەکی پێکدێت و بە واژۆی 32 پارلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاجیاکانی پارلەمانی کوردستان درایە سەرۆکایەتیی پەرلەمان تاکو هەموار بکرێتەوە.
 
لەبارەی هۆکاری هەموارکردنەوەی یاساکەشەوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، وتی: یاساکە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە کاری پێدەکرێت، بەڵام هەندێک کەموکوڕی لە یاسا کۆنەکە هەیە و دەمانەوێ لە رێگەی هەموارکردنەوەوە ئەو کەموکوڕییانە پڕبکەینەوە.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,824     ژمارەی میوان 368

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە