* نەوژین، هاوناز ساڵح
ماوەی دو ساڵە براندێکی تایبەت بە دروستکردنی مۆمی لە شاری هەولێر دامهزراندوه، باس لەوە دەکات بەرهەمەکانی بۆنی سروشت و شێوازیی کلتوری کوردی پێوە دیارە.
هودا سەرهەنگ، ٣٠ ساڵ، دانیشتوی شاری هەولێرە و هاوسەرگیری کردوە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە سیاسەت و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، ئێستا خاوەنی براندێکی تایبەت بە دروستکردنی مۆمە بەناوی 'لالە کاندلیس' یان 'مۆمی لالە'.
هودا، لەبارەی بیرۆکەی دەستپێکردنی بە دروستکردنی مۆم دەڵێت: لە چایخانەی مەچکۆ دانیشتبوم، جوڵەی پیاڵەکانی ئەوێ سەرنجیان راکێشام، لە دڵی خۆمدا وتم ئاخۆ روناکی مۆم لەنێویاندا چۆن دەدرەوشێتەوە، لەوەوە بیرۆکەی کارەکەم بۆ هات و دەستم بە دروستکردنی مۆم کرد، هەر بۆیەش یەکەم بەرهەمم ناو لێنا "مۆمی مەچکۆ" کە تاکو ئێستاش دڵخوازترینە لە سێتەکانی ئێمەدا.
هودا له رێگهى ستافێكى سێ كهسیهوه كارهكانى بهڕێوهدهبات
ئەو، لە سەرەتادا بەبێ هەبونی ئەزمون بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە ماڵەوە لە بوارەکەدا کاردەکات، بەڵام دواتر لە رێگەی چەند خولێکی فێرکاری ئۆنلاینەوە هەوڵدەدات تاکو فێردەبێت، دەڵێت: کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو بەباشی لە مۆم تێبگەی، چونکە بەراستی جیهانی مۆم فراوانە، من هێشتاش بەشداری خولی ئۆنلاین دەکەم بەمەبەستی شارەزایی زیاترم.
هودا، لە رێگەی ستافێکی سێ کەسیەوە کە هەرسێکیان ژنن و بە ناوی براندی 'لالە کاندلیس' ماوەی دو ساڵە بەرهەمەکانی لە بازاڕەکاندا دەفرۆشێتەوە، بەرهەمەکانی بریتین لە: مۆمی مەچکۆ، مۆمی نێرگز، مۆمی هەنار و مۆمی بنێشتی کوردی، دەڵێت: هەمو بەرهەمەکانمان بۆنی سروشتی و شێوازیی کلتوری کوردی پێوە دیارە.
هودا، دەشڵێت: ئێمە تەواوی مۆمەکان بەدەست دروست دەکەین و لە رێگەی ئۆنلاین و خاڵەکانی فرۆشتنەوە دەیانفرۆشین، هەروەک خاوەنی سێ خاڵی فرۆشتنین لە شاری هەولێر و خاڵێکی فرۆشتنیش لە شاری سلێمانی، هەندێکجار پاکێجی تایبەت بۆ رێکخراو و کۆمپانیاکان ئامادەدەکەین و ئەوانیش لە کۆبونەوە و سیمینارەکانیاندا پێشکەشی ئامادەبوانی دەکەن.
'مۆمی لالە' خاوهنى چوار جۆر مۆمی سهرهكییه
لە هەرێمی کوردستان کارکردنی ژنان لەدەرەوە تاڕادەیەک لە ئاستێکی باش دایە، بەڵام لە بواری سەرمایەگوزاری تایبەتدا رێژەکە زۆر کەمە، بەجۆرێک لە کۆی (٣٦٣٠٦) کەس کە مۆڵەتی ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمیان هەیە، تەنها ٦٢٢ کەسیان ژنن، لەکۆی ١٠٩٨ وەبەرهێنیش تەنها ٢٧یان ژنن.
بەشێکی هۆکارەکانى كهمی سهرمایهگوزاری ژنان له كار و بازرگانى دا، بۆ رێگرى و پشتگیریی نهكردنى خێزانهكان دهگهڕێنرێتهوه، بەڵام ئەمە لای هودا بە پێچەوانەوەیە، ئەو دەڵێت: "لە سەرەتای دەستپێکردنم تاکو ئێستاش هاوسەرەکەم وخێزانەکەم زۆر پاڵپشتیان کردوم، بەهۆی ئەم کارەشمەوە هیچ زەحمەتیەک نەهاتوەتە رێم".
'مۆمی لالە' به رێگهى ئۆنلاین و ههروهها چوار خاڵی فرۆشتنهوه دهگات به كڕیارهكانى