* نەوژین، بوستان ناسر
"لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە کاری فۆتۆگرافی دەکەم، سەرەتا بە وێنەی سروشتی هەڵەبجە دەستم پێکرد و لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر دێنەلام بۆ وێنەگرتن، هاوکات خاوەنی دو پێشانگای تایبەتی خۆمم".
هەنار حسێن، لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٥، دانیشتوی شاری هەڵەبجە، لەگەڵ ئەوەی مامۆستایە ماوەی پێنج ساڵیشە کاری فۆتۆگرافی دەکات.
هەنار، بۆ نەوژین وتی: لە ساڵی٢٠١٧ـەوە دەستم بە کاری فۆتۆگرافی کردوە، سەرەتا بە وێنەی سروشتی هەڵەبجە دەستم پێکرد، چونکە هەڵەبجە خاوەنی سروشتێکی جوانە، دواتر پەرەم بە کارەکەمدا و لە ئێستادا خەڵکێک زۆر دێنەلام بۆ وێنەگرتن.
دەشڵێت: بەشێکی زۆری ئەوانەی دێنەلام ژنن، چونکە پێیان وایە لەگەڵما زیاتر هەست بە ئارامی دەکەن.
لەپاڵ کاری فۆتۆگرافیدا 'هەنار' مامۆستای زمانی ئینگلزیە لە خوێندنگەی 'شەن'ـی بنەرەتی کچان، وەکخۆی دەڵێت: "کاری فۆتۆگرافیم بەهۆی بێکاریەوە هەڵنەبژاردوە، بەڵکو هۆکاری هەڵبژاردنی کاری فۆتۆگرافی حەز و خولیایەک بو کە هەمبو، هۆکارێکی دیکەش نەبون یاخود هەبونی ژمارەیەکی زۆر کەمی ژن بو لە بواری فۆتۆگرافیدا لە شاری هەڵەبجە".
دەشڵێت: هەرچەندە کاری فۆتۆگرافی وەك حەز و خولیا دەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا سەرچاوەیەکی باشی بژێویمە و لە رێگەی داھاتەکەیەوە پێداویستیەکانی فۆتۆگرافی دەکڕم.
کارەکانی بەتەنها لەرێگەی ئۆنلاینەوە بەرێوەدەبات، بەڵام خەونی گەورەی هەیە و دەیەوێت لەداهاتودا شوێنی تایبەت بەکارەکەی بکاتەوە، دەڵێت: "دەمەوێت لە داهاتودا کارەکەم زیاتر بەرەو پێشەوە ببەم و بتوانم شوێنی تایبەت بە خۆم بکەمەوە".
تاکو ئیشەکەی بە جوانی و رێکی بکات بەشداری چەندین خول و راهێنانی کردوە، هەروەک بەشداری ١٣ پێشانگای هاوبەشی کردوە و خاوەنی دو پێشانگای تایبەت بە خۆیەتی.
هەنار، جەخت دەکاتەوە کەوا پێویستە کچان شوێن حەز و خولیاکانیان بکەون هەرچەندە قورس بێت و ماندوبونی زۆریشی بوێت.
دەڵێت: ئامۆژگاری کچان دەکەم بە شوێن حەز و خولیاکانیان بڕۆن و لە ھیچ بەربەستێک نەترسن، چونکە گرنگە خانمانیش خاوەنی پیشە و داهاتی خۆیانبن.
دەشڵێت: راستە سەرەتای ھەمو کارێك قورسە و ماندوبوی دەوێت، بەڵام پێوستە خۆڕاگربن و کۆڵنەدەن تاکو بەو ئامانجە دەگەن کە خۆیان دەیانەوێت.
نمونهیهك له فۆتۆكانى ههنار