* نەوژین، دێژین سدقی
ماوەی دو مانگە وەکو یەکەم ژن لە شاری دهۆک بوە بە سەرنوسەری گۆڤارێک و پێیوایە لە کوردستان ژنی زۆر چالاک هەن کە شایەنی ئەوەن بکرێن بە سەرنوسەری رۆژنامە و گۆڤارەکان بەڵام رێگریان لێدەکرێت.
ههیفا دۆسكی، 38 ساڵ، دانیشتوی شاری دهۆک، ماوەی دو مانگە وەکو یەکەم ژن لە مێژوی شارەکەدا بوە بە سەرنوسەری گۆڤارێکی مناڵان بەناوی (سڤۆرەی مناڵان).
هەیفا دەڵێت: له مناڵیهوه ئارهزوی ئهوهم ههبو له بواری رۆژنامهنوسی و راگهیاندندا كار بکەم، بۆیه ههرزو دهستم به كار و چالاكى كردوه و ئێستا له بوارهكانى رێكخراوهیی و راگهیاندن له دهۆكدا کاردەکەم.
ئەو هەرچەندە زۆر حەزی بە خوێندنەوە و نوسین بوە، بەڵام لە خوێندنگە بێبەشکراوە و نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات، دەڵێت: ئێستا دوبارە دەستم بە خوێندن کردوەتەوە و بهڵێنم داوه كولێژى یاسا تهواو بكهم، تاکو ببمە پارێزەری کچان و ژنانی شارەکەم و رێگربم لەوەی ببنە قوربانی.
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسان لە هەرێم، لە کۆی ٧٥٠٠ ئەندام،١٥٦٠ ئەندامیان ژنن.
هەیفا ، ئاستی ژنانى رۆژنامهنوس له دهۆك بهتایبهتی و كوردستان به گشتى باش نابینێت و هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو رێگریانەی دێتە رێگەیان.
دەڵێت: لێرە هەر ژنێك حهز و ئاواتى كاری رۆژنامهنوسى ههبێت، هەر زو بەهۆی رێگری دەوروبەریەوە ناهێڵدرێت رۆڵی خۆی ببینێت و ناچار دەکرێت دەستبەرداری کارەکەی ببێت.
ههربهپێی ئامارهكانى سهندیكای رۆژنامهنوسانى كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١، رێژەی ژنان وەک خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەری رۆژنامە و گۆڤارەکان کەمترە لە ١٥٪، بەشێوەیەک لە کۆی (٩٥٤) رۆژنامە و گۆڤار (٦٧) ژن خاوەن ئیمتیازن لەگەڵ (٧٣) ژن کە پۆستی سەرنوسەری دەزگاکانیان هەیە.
ههیفا پێیوایه "راگەیاندن بۆ ژنان لێرە تەنها تاکو ئاستی پهیامنێر و نوسهر و بێژهرییە، لەمە بەدوا بە پیاوان دەسپێردرێت، لەکاتێکدا ژنی زۆر چالاک هەن کە شایەنی ئەوەن بکرێن بە سەرنوسەری رۆژنامە و گۆڤارەکان و پۆستی گەورەتریش".
سهرباری ئهم دۆخهش، ئهو خەونی گەورەی هەیە بۆ گۆڤارەکەی و دەیەوێت پەروەردەی مناڵان لە رێگەی گۆڤارەکەوە باشتر بکات و ئاستی رۆشنبیریان بەرەو پێشەوە ببات.
دەڵێت: هەموان کەم تەرخەمن بەرامبەر پێشخستن و روشنبیرکردنی مناڵان، لەکاتێکدا ئەوان نەوەی دوا رۆژن و دەبێت گرنگی زۆریان پێبدرێت، دەمەوێت لە رێگەی گۆڤارەکەمەوە گرنگیەکی زیاتریان پیبدەم و پەروەردەیەکی جوانیان بکەم.