رێكخراوى خوشكانى ئیسلامی چواره‌مین كۆنگره‌ى ئه‌نجام دا

2022/08/29    507 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
رێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان کۆنگرەی چوارەمی خۆی ئەنجامدا، قومری بەرزنجی سکرتێری رێکخراوەکەش دەڵێت: "لە کۆنگرەکەدا رێژەیەکی زۆری کچی گەنجی دەرچوی زانکۆ بەشدار بون و پۆستیان پێدرا".
 
رۆژی شەممە (٢٧ـی ئاب)، رێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان کۆنگرەی چوارەمی خۆی بە ئامادەبونی ١٦٢ ئەندام و لە ژێر دروشمی "ئیسلام بەرنامەی ژیانمانە" لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.
 
لە کۆنگرەکەدا پەیرەوی ناوخۆی رێکخراوەکە هەموار کرایەوە، پۆستی سکرتێری رێکخراوەکە بە (قومری بەرزنجی) سپێردرایەوە، هەروەک گۆڕانکاری لە هەمو پۆستەکانی دیکەی رێکخراوەکەش ئەنجامدران.
 
قومری بەرزنجی، لەبارەی ئامانجی لە وەرگرتنەوەی پۆستی سکرتێری رێکخراوی خوشکانی ئیسلامی، بۆ نەوژین وتی: ئێمە لە رێکخراوی خوشکانی ئیسلامی چەند پەیروێکی ناوخۆیمان هەیە منیش دەمەوێت درێژە پێدەری ئەو پەیرەوانە بم، هەروەک ئامانجمە لە رێگەی پێگەکەمەوە نەوەک تەنها ژنانی نێو کۆمەڵی دادگەری بەڵکو بتوانم یارمەتی هەمو ژنانی نێو کۆمەڵگا بدەم.
 
وتیشی: پرۆژەی داهاتوی رێکخراوەکە بریتی دەبێت لە خزمەتکردنی ژنان لە بوارەکانی پەروەردە، سیاسی، تواناسازی و بارودۆخی کۆمەڵایەتیان.
 
"لە کۆنگرەکەدا رێژەیەکی زۆری کچی گەنج کە خوێندکار یاخود دەرچوی زانکۆ بون بەشدار بون و پۆستیان پێدرا"، قومری بەرزنجی وای وت، وتیشی: هاتنە پێشەوەی ژنان بۆ نێو کاری سیاسی لەنێو حزبی کۆمەڵی دادگەری لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
 
رێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان لە (٢ـی ئابی ١٩٩٢) دامەزراوە، ماوەی سی ساڵە بە دروشمی "پەروەردە، خێزان و گەشەپێدان"، کاردەکات، هەروەک کۆنترین رێکخراوی ژنانە لە کوردستان. ئێستا رێکخراوه‌كه‌ سەر بە کۆمەڵی دادگەرییە.
 
کۆمەڵی دادگەری، حزبێکى باكگراوه‌ند ئیسلامیه‌ و لە (٣١ـی ئایاری ٢٠٠١) به‌ناوى (كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان)ـه‌وه‌ دامەزراوە و عه‌لی باپیر رابه‌رایه‌تى ده‌كات، لە دواین کۆنگرەی حزبەکە لە مانگی شوباتی ساڵی رابردو بە (٢٥٪) رێژەی کۆتا بۆ ژنان لەسەرجەم ئاستەکانی حزبدا جێگیرکراوە، هاوکات لە کۆی (٢٢) ئەندامی سەرکردایەتی (٤) ئەندامیان ژنن.
 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,066     ژمارەی میوان 708

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە