* نەوژین
له هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید، ژماره‌یه‌ك كچ خواردنگه‌یه‌كى جیاواز ده‌كه‌نه‌وه، تیایدا خواردن و شیرینی دروست ده‌كه‌ن و به ماڵان و شوێنه گشتیه‌كانى ده‌گه‌یه‌نن.
ھەنار لەتیف مەحمود، یەکێکە لەو کچانە، دانیشتوی شاری هەڵەبجەیە و لەپاڵ پیشەی پێشکەشکاری تەلەفزیۆنیدا، ماوەی چه‌ند مانگێكە لەگەڵ چوار کچی دیکەدا دوکانێکی تایبەت بە خواردەمەنی و شیرینی بەناوی (شاژن) لە شاری هەڵەبجەدا بەرێوەدەبەن.
ئه‌وان دوای بەشداریکردنیان لە خولێکی فێرکاری دروستکردنی شیرینی، ئێستا بون بەخاوەن کاری خۆیان و دوکانێكى تایبه‌تیان له‌و بواره‌دا كردوه‌ته‌وه.
هەنار، له‌باره‌ى كاره‌كه‌یانه‌وه بۆ نه‌وژین دەڵێت: کارەکەی خۆمم زۆر خۆشدەوێت و بە دڵسۆزیەوە کارەکانم دەکەم، ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەکات کە لەلایەن خەڵکیەوە پێشوازی باشم لێ دەکرێت، وام لێدەکات بەردەوام بم و کارەکەم بەرەو پێشتر ببەم.
تابلۆی خواردنگه‌ى شاژن له قه‌زاى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید
سەرەتای دەستپێکردنی هەنار بە کاری دروستکردنی خواردن و شیرینی، دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنی لە خولێکی فێرکاری دروستکردنی شیرینی کە تێیدا ١٥ ژن بەشدار دەبن، لە کۆتایی خولەکەدا لەگەڵ ٤ بەشداربوی دیکە دوکانێکی تایبەت بە دروستکردنی شیرینی و خواردنیان لەلایەن رێکخەری خولەکەوە بۆ دەکرێتەوە و تاکو ئێستا بەردەوامن.
دەربارەی شێوازی کارکردنی خواردنگە و شیرینیەکەیان هەنار، دەڵێت: "ئێمە بەپێی داواکاری کاردەکەین و داواکاریەکەیان بۆ دەگەیەنینە بەردەرگا، خەڵکیش شیرینی و خواردنەکانمانیان بەدڵە و لە خواردنەکانمان زۆر رازین".
هه‌نار له‌تیف، له‌گه‌ڵ 4 هاوڕێی دا خواردنگه‌ى شاژن به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ئه‌و له‌پاڵ ئه‌وكاره‌شدا كارى پێشكه‌شكاریی ته‌له‌فزیۆنیش ده‌كات
هەنار و هاورێکانی بۆ خواردنگە و شیرینیەکەیان خەونی گەورەتریان هەیە، دەیانەوێت لەداهاتودا کارەکەیان گەورەتر بکەن.
دەڵێت: "چونکە هەڵەبجە هیچ دوکانێکی هاوشێوەی ئێمەی تێدا نیە، بۆیە حەزدەکەین گەورەتری بکەینەوە و دەمانەوێت بەهۆیەوە هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنین، تاکو لە رێگەیەوە ببنە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیان".
شیرینی و خواردەمەنی شاژن، رۆژانە ١٣ کاتژمێر کراوە دەبێت، چەندین جۆر لە شیرینی و خواردن دروست دەکەن، شیرینیەکان وەک: (ترالیچە، کێکی بۆنەکان، خش خش، پاقلاوە، برمە و کولیچە) خواردنەکانیش وەک: (بریانی، کوبە، کفتە، یاپراخ و سەروپێ).