* نەوژین
لە رێورەسمی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی سەرۆکی زانکۆی راپەرین دا کە بە ژنێک سپێردرا، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم ئاماژەی بەوەدا: پێویستە دەرفەتى زیاتر بۆ ژنان بڕەخسێندرێت لە سەرکردایەتى کردنى ناوەندە ئەکادیمیەکان.
دوێنێ پێنجشەممە (٢١ـی تەموز) لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبونی وەزیری خوێندنی باڵا ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆکی زانکۆی راپەرین دا کرا و د. پەیمان رەمەزان وەکو سەرۆکی نوێی زانکۆکە دیاریکرا.
لە رێوڕەسمەکەدا، د.ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی، ئاماژەی بەوەدا: پێویستە دەرفەتى زیاتر بۆ ژنان بڕەخسێنین لە سەرکردایەتى کردنى ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان.
بەپێی راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی پێشوتری نەوژین، وەزارەتی خوێندنی باڵا یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە سیمایەکی پیاوانەی هەیە، بەهۆی ئەوەی کە تەواوی بڕیاربەدەستەکانی ئەم دامەزراوەیه به رەهایی پیاون و بە رێژەیەکی زۆر کەم ژنان لە ناوەندی بڕیاردا بەشدارن.
راپۆرتەکە کە ساڵی پار (٢٠٢١) بڵاوکراوەتەوە و داتاکانی زۆر گۆڕانکارییان بەسوردا نەهاتوە، رونیکردوەتەوە لەکۆی ١٦ زانکۆی حکومی و ١٨ زانکۆی تایبەت (ئەهلی) تەنها سەرۆکی دو لە زانکۆ حکومیەکان ژنن و هیچ سەرۆکی زانکۆیەکی تایبەت ژن نیە، هەر سەرۆکی زانکۆیەک حکومیش کە دەشێت دو یان سێ جێگری هەبێت بۆ کاروباری زانستی و کارگێڕی و فێرخوازان، بەڵام لە کۆی (37) پۆستی جێگری سەرۆکی زانکۆش هیچ یەکێکیان ژن نین.
کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەکە.