* نەوژین
ماوهی ٢١ ساڵە وەرزشی کاراتی دەکات و پێیوایە خەڵکی بەهەڵە لە کاراتی تێگەیشتون کە دەڵێن یاریەکی شەرانگێزیە، بەڵكو وایدهبینێت متمانە بەخۆبون زیاد دهكات.
وەفا سەڵاح نەقشبەندی، تەمەن ٣٦ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانی، ماوەی ٢١ ساڵە یاریزانی کاراتی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلیمانیە.
دەربارەی وەرزشەکەی بۆ نەوژین وتی: کاراتی زۆر شتی پێبەخشیوم، هەمیشە حەزم کردوە کاتی زیاتری پێ ببەخشم تاکو بتوانم لە رێگەیەوە خزمەتی ئەو کەسانە بکەم کە دەیانەوێت دەست بە وەرزشی کاراتی بکەن.
٢١ ساڵ وەرزشکردن بەبێ ئاستەنگ نەبوە، بەڵام وەفا بەهۆی خۆشەویستی زۆری بۆ وەرزشەکەی نەوەستاوە، بەڵکو هەمو بەربەستەکانی پێشی تێپەراندوە.
دەلێت: "بەربەستی زۆرم هاتە پێش، بەڵام هیچیان نەیانتوانی بموەستێنن، چونکە وەرزشەکەم لە دڵەوە خۆشدەوێت و ناتوانم وازی لێبهێنم".
كاراتی لهروی فیزیکیی و دهرونیهوه وا له مرۆڤ دهکات بتوانێت زاڵ بێت بهسهر ههمو کۆسپەکانیدا و پهیوەندیەکی بههێز پهیدا بکات له نێوان لهش و مێشکیدا.
وەفا، پێیوایە خەڵکی بەهەڵە لە کاراتی تێگەیشتون کە پێیانوایە یاریەکی شەڕانگێزیە، دەڵێت: کاراتی وەرزشێکە بەتەواوی پێچەوانەی تێگەیشتنی خەڵکیە کە دەڵێن یاریەکی شەرانگێزیە، بە پێچەوانەوە وا لە کچان دەکات متمانە بەخۆبونیان زیاتربێت و کاریگەری دەکاتە سەر کەسایەتیان.
هەروەک باسی لەوەش کرد جگە لە سودی جەستەی سودی دەرونیشی لەوەرزشەکە بینیوە، وتی: یاریكردن بڕوا و متمانه بەخۆبونی پێبهخشیوم، كاراتی هونهرێكه لهسهر بناغهی رێز دروست بوه بۆیه له رێگهی یاریهكهوه ڕێز و خۆشهویستی خهڵكم بهدهست هێناوه.
وەفا، تاکو ئێستا بەشداری چەندین پاڵەوانێتی لە نێو کوردستان و دەرەوهی کوردستاندا کردوە و خاوەنی پێنج پشتێنی رەشە.
کاراتی یان کاراتی-دۆ، وشەیەکی لێکدراوی ژاپۆنیە بە مانای (رێگای دەستی بەتاڵ) دێت، رێگایەکە لە جۆرەکانی ھونەری بەرگری لەخۆکردن لە بواری فیزیکی و دەرونیەوە، هاوکات دوەم بڵاوترین هونەری شەڕکردنە لە جیهاندا لەدوای تایکواندۆ.