مۆردانت، بەهێزترین بەربژێری پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیایە

2022/07/13    405 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
لەدوای دەستلەکارکێشانەوە لەناکاوەکەی بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا لە(٧ـی تەموز)، لە ئێستادا ١١ کەسایەتی نێو پارتی پارێزگاران رکابەری شوێنگرتنەوەی دەكەن، بەهێزترین بەربژێریش (پێنێلۆپ مۆردانت)ـە.
 
پێنێلۆپ ماری مۆردانت، لە ساڵی ١٩٧٩ لە شاری تۆرکوای لە ویلایەتی دیڤۆن لە بەریتانیا لەدایکبوە، سەربە پارتی پارێزگارانە و ماوەی ١٢ ساڵە کاری سیاسی دەکات.
 
مۆردانت، لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە ئەندامی پارلەمانی بەریتانیایە، یەکەم پۆستی وەک وەزیری حکومەتی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠١٤ وەرگرتوە، دواتر بوە بە وەزیری هێزە چەکدارەکان و پاشان وەزیری خاوەنپێداویستیە تایبەتەکان، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ـشدا وەک وەزیری دەرەوە بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کاریکردوە.
 
کۆتا پۆستی حکومی مۆردانت، لە مانگی (شوباتی ٢٠١٩) بو کاتێک وەک یەکەم ژن لە مێژوی بەریتانیا کرا بە وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری بەرگری، بەڵام لەدوای دەستبەکاربونی 'بۆریس جۆنسن' لە (تەموزی ٢٠١٩) لە ئەنجامی ئاڵوگۆرکردنی پۆستەکان لەکارەکەی دوریخستەوە. 
 
لە ئێستادا مۆردانت بەهێزترین کاندیدە بۆ بون بە سەرۆک وەزیران، لەیەکەم راپرسی حزبەکەدا بۆ جێگرتنەوەی 'بۆریس جۆنسن' زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.
 
پۆستی سەرۆک وەزیران لە بەریتانیا بە دوەم بەرزترین دەسەڵاتی وڵاتەکە دادەنرێت لە دوای دەسەڵاتی شاژنەوە.


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,336,592     ژمارەی میوان 134

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە