* نەوژین، محەمەد مەحمود
کچێکی خاوەن پێداوستى تایبەت، هونەری شێوەکاری کردوە بە پیشەی تایبەتی خۆی و لە پێشانگاکاندا نمایشی کارەکانی دەکات، دەڵێت: گرنگ نیە مرۆڤ بە جەستە کامڵ بێت ، گرنگ ئەوەیە ئیرادەی بەهێزی هەبێت.
فاتیمە شەمسەدین، ٢٩ ساڵ، دانیشتوی شاری کەرکوکە، ئەندامە لە رێکخراوى داکۆکىى بۆ مافەکانى کەمئەندامان، ماوەى چەند ساڵێکە خەریکى هونەرى شێوەکارییە.
وەکخۆى باسی دەکات و دەڵێت: هەر لەزگماکیەوە خاوەن پێداویستى تایبەتم، چەندین نەشتەرگەریم کردوە بە ئومێدی ئەوەی بتوانم لەسەر پێیەکانم بوەستم، بەڵام بێسود بو، تاکو ئەم تەمەنەم هەرگیز قاچەکانم ئیشیان نەکردوە و عەرەبانەیەک بوە بە هاوڕێی تەمەنم.
فاتیمە، بەهۆى ئەو بارودۆخە تایبەتەى کە تێیدایە نەیتوانیوە وەک مناڵى ئاسایى بخوێنێت، بەڵام بەهۆی حەزی زۆری بۆ خوێندن لە تەمەنی ٢٤ ساڵی دەچێتە قوتابخانەى خێرا و تاکو قۆناغی شەشى سەرەتایی تەواو دەکات.
دەڵێت: بە مناڵی لە ماڵەوە خێزانەکەم پیتەکانیان فێرکردەکردم، بەڵام من زۆرم حەز بە خوێندن بو بۆیە بە تەمەنێکی گەورە رۆشتمە خوێندنگەی خێرا.
فاتیمە، خاوەنی ٢٦ بروانامەی مەدەنیە، بۆ نمایشکردنی کارەکانی چەندین چالاکى و پێشانگاى تایبەت بە خۆی کردوەتەوە.
هەر لە تەمەنێکی زۆر مناڵیەوە حەز و خولیای کاری شێوەکاری هەبوە، دەڵێت: بە مناڵی بەردەوام قەڵەم و دەفتەرم لابو، سەرەتا دەستم بە نوسینى ئاڵۆز دەکرد و دواتر وردە وردە گوڵم دروست دەکرد، تا گەشتە ئەوەى توانیم روخسار دروست بکەم، پاش ئەمانە رۆژ لە رۆژ باشتر بوم لە هونەرەکەم.
لە ئێستادا هونەری شێوەکاری بوەتە پیشەی فاتیمە، وەکخۆی دەڵێت: بەشێکی کەمی بژێوی ژیانی پێ پەیدا دەکات، جگە لەمە رۆژانە کاری دەستی و دروستکردنى ئیکسسواراتى ژنان و کاری درومانیش دەکات.
فاتیمە، لەبارەی کارکردنی بەردەوامی سەرەڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە، دەڵێت: هیچ شتێک مەحاڵ نیە، گرنگ نیە تۆ بە جەستە کامڵى یاخود نا، گرنگ ئەوەیە ئیرادەت هەبێت، بەهێز بیت، ژیرانە بیربکەیتەوە و بە بیرکردنەوەیەکى ژیرانە لە ژیان بڕوانیت، هیچ شتێک نابێتە بەربەست ئەگەر بتەوێت کەسێکى سەرکەوتوبیت، بڕیاردان و کۆڵنەدان دەمانگەیەنێتە لوتکە.