* نهوژین، سومهیه ساڵح
نوسینگەی منارەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کەیسی توندوتیژی دژی خێزان لە هەولێر لەلایەن ژنێکەوە بەرێوە دەبرێت، ئهمهش دوەم ژنە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردودا ئەم پۆستە وەردەگرێت.
بەهرە نورەدین شەریف، ٣٣ ساڵ، دانیشتوی شاری هەولێر، خاوەنی بڕوانامەی کۆلێژی پۆلیسه و پلهكهى نهقیبه، لە ٢٣ـی شوباتى 2022،لەلایەن بەرێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە هەولێر وەکو لێپرسراوی نوسینگەی منارەی سەربە بەرێوبەرایەتیەکە دیاری کرا.
بەهرە، کارامەیی لە کارەکەیدا بە هۆکاری هەڵبژاردنی وەکو لێپرسراوی نوسینگەی منارە دەبینێت و دەڵێت: "کاندیدی دیکە هەبون بۆ بون بە لێپرسراوی نوسینگە، بەڵام بەهۆی کارامەیی و زیاتر شارەزایم لە بوارەکەدا من هەڵبژێردرام".
دەربارەی ئامانجیشی لە وەرگرتنی پۆستی لێپرسراوی نوسینگەی منارە،بۆ نەوژین وتی: "ئامانجمە یارمەتی ژنان بدەم و هەوڵدەدەم توندوتیژی دژی ژنان و خێزان کەم بکەمەوە".
جگە لە کارکردنی بەردەوامی لە دەرەوە، بەهرە هاوسەردارە و خاوەنی کچێکە، دەربارەی کارکردنی ماڵەوە و دەرەوە و بەخێوکردنی مناڵەکەشی پێکەوە، وتی: "قورسە، بەڵام هاوسەرەکەم بەردەوام پشتگیر و یارمەتیدەرمە تاکو زۆر ماندو نەبم.
نوسینگەی منارە لە ساڵی ٢٠١٣ـهوە کراوەتەوە، لەسەرەتادا کاری بەدواداچون بۆ کەیسەکان دەکرا تیایدا، بەڵام لە ئێستادا کاری لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی تێدا دەکرێت.
لێپرسراوی نوسینگەی منارە بۆ نەوژین باسی لە کاری رۆژانەی و جۆری ئەو کەیسانە کرد کە بەزۆری کاریان لەسەر دەکات، وتی: "رۆژانە پێشوازی دەکەم لەو ژنانەی سەردانی نوسینگە دەکەن بە مەبەستی یارمەتی، هەروەها ئەرک و رۆڵی ئەفسەر و کارمەندانی نوسینگە دیاری دەکەم بەپێی کارامەییان".
دهربارهى جۆری كهیسهكانیش، وتی: ئەو کەیسانەی دێنە لامان بەزۆری کەیسی لێدان و هەرەشەکردنن.
نوسینگەی منارە تاکو ئیستا چوار لێپرسراوی هەبوە، دو ژن و دو پیاو، ٩ ئەفسەری لێکۆڵینەوە، ٢٩ کارمەندی پۆلیس لەگەڵ ٢ فەرمانبەری مەدەنی رۆژانە تیایدا دەوام دەکەن و کار لەسەر کەیسەکان دەکەن.