*نەوژین، هاوناز ساڵح
وەکو یەکەمین ژن لە مێژوی قەزای کۆیە دەبێت بە بەرێوبەری پەیمانگای هونەرەجوانەکان، دەڵێت: "دەمەوێت ناوم لە مێژوی کۆیە دا بمێنێتەوە".
ئاشتی رەفیق، ٥٢ ساڵ، دانیشتوی قەزای کۆیەی سهر به پارێزگاى ههولێرە و دایکی سێ کچە، خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمانی عەرەبی، ساڵی ١٩٩١ لە خوێندنگەی (کۆیەی یەکەم) وەک مامۆستا دەست بەکاردەبێت.
دوای ٢٨ ساڵ خزمەتکردن، ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی کۆیەوە وەک بەڕێوبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شەهید جەعفەری کۆیە هەڵدەبژێردرێت، بەمەش دەبێت بە یەکەم ژن لە مێژوی پەیمانگاکە کە ئەم پۆستە وەردەگرێت.
ئاشتی، بۆ نەوژین باسی لە دەستپێکی کارەکانی وەکو بەرێوبەری پەیمانگا کرد، وتی: "کە پۆستەکەم وەرگرت شۆڕشێکی فیکری و ئیداریم لە پەیمانگاکەدا دروستکرد،دوبارە کارم لەسەر تەواوی رێکخستنەکانی پەیمانگاکە کرد و بە یارمەتی مامۆستایانی پەیمانگاکە سیستەمی پەیمانگاکەمان بە ئەلیکترۆنی کرد".
وتیشی: دواتر گەلەری تایبەتی بەشی پەیکەرسازی (سیرامیک و گرافیک)ـم کردەوە، کە هاندانێکی باش بو بۆ فێرخوازهكان تاکو لە رێگەیەوە بەشێوەیەکی ئەکادیمی بابەتەکانیان بخوێنن.
یەکێکی دیکە لە کارەکانی ئاشتی نەخشاندنی روکاری دەرەوەی پەیمانگاکەیە، کە توانیویەتی بەشێوەیەکی هونەری و سەلیقەیەکی ژنانەوە بینەخشێنێت و دیمەنێکی هونەری پێببەخشێت، بۆ ئەمەش هەندێک کات خۆی کاری کرێکارەکانیشی کردوە، وتی:" بۆ رایی کردنی کارەکانی نەخشاندنەکە و تەواوبونیان لەکاتی خۆیدا، کاری کرێکارەکانیشم دەکرد".
لەپاڵ پیشەی مامۆستایی دا، ئاشتى پڕۆژەی خێرخوازی و یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنی نەخۆشانی ئۆتیزمی کردوەتە ئەرکی خۆی، دەڵێت:"دڵخۆشم بەوەی توانیومە هێزێک بەوان ببەخشم، چونکە ئەمەش بەشێکە لە بەرپرسیاریەتی ئێمە بەرامبەر بە خەڵک".
ئهو نمونەیەکی تایبهتى بەرێوبردنی ژن لە کۆیە پیشاندەدات، لەکاتێکدا ژمارەیەکی کەمی ژنان لە قەزاکەدا لە ناوەندەکانی بڕیارداندا هەن، بەجۆرێک لە کۆی ١١ بەڕێوبەرایەتی نێو قەزاکە، تەنها ٢ لە بەرێوبەرایەتیەکان لەلایهن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن.
ئهم دهستكهوتهش بهلای ئاشتیهوه مایهى خۆشحاڵیهكى زۆره، ئهوهتا به پێداگیرییهوه دهڵێت: "ئامانجم خزمەتکردنی شارەکەمە، دەمەوێت ناوم لە مێژوی کۆیە بمێنێتەوە".