بۆ یه‌كه‌مجار ژنێك له‌ رانیه‌ "غه‌سلی" ئۆتۆمبیل داده‌نێت

2022/04/07    1542 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، په‌یام نه‌جمه‌دین
 
ژنێک لە قەزای رانیە رێچەکەکان دەشكێنێت و خەونی بیست ساڵەی بەدی دەهێنێت، وەکو یەکەم ژن لە قەزاکە غەسلێکی تایبەت بە شتنی ئۆتۆمبێل دەکاتەوە.
 
ئەژین ئیسماعیل، تەمەن ٢٩ ساڵ، دانیشتوی قەزای رانیە، نزیکه‌ی دو مانگە غەسلێکی تایبەت بە شتنی ئۆتۆمبێلی لە شارەکەی کردوه‌تەوە.
 
ئەژین بۆ نەوژین باسی لە هۆکاری هەڵبژاردنی کاری شتنی ئۆتۆمبێل کرد و وتی: لە تەمەنی نۆ ساڵیمەوە حەزم بە کاری ئۆتۆمبێل دەکرد،هەروەها دەمویست کارێک بکەم جیاواز بێت، بۆیە بریارمدا کاری تایبەت بەشتنی ئۆتۆمبێل و جوانکاری و دابین کردنی پێداویستییەکانی ئۆتۆمبێل بکەم.
 
 
 
ئەژین،لە ئێستادا وەکو سەرپەرشتیاری غەسلەکە کاردەکات، هاوکات هەلی کاری بۆ هەشت گەنجی شارەکە رەخساندوە، ئەوانیش سێ کچ و پێنج کوڕن.
 
دەڵێت: "ئامانجمە لە داهاتودا کارەکەم گەورەتر بکەم و ژمارەیەکی زۆرتری هەلی کار بۆ گەنجەکانی شارەکەم دابینبکەم".
 
ئەوەی زیاتر ئەژین دڵخۆش دەکات ئەوەیە کە ژنان بە بێکێشە سەردانی غەسلەکەی دەکەن، ئەو دەڵێت: زۆر دڵخۆش دەبم کە دەبینم ژنان خۆیان دێنە غەسلەکەمان لەکاتێکدا پێشوتر ناچار بون لەرێگەی برا یان باوکیانەوە ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنە غەسل.
 
 
لەسەرەتای دەستپێکردن بە کارەکەی توشی رەخنە و توانجی زۆر دەبێتەوە، بەڵام رەخنەکان ئەژین ناوەستێنن، ئەو دەڵێت: "پێیان دەوتم ناتوانیت ئەو کارەبکەیت یان بۆ تۆ نابێت، بەڵام هەر ئەو کەسانەی ئەو قسانەیان دەکرد ئێستا ئۆتۆمبێلەکانیان ئەهێننە لای من دەیشۆن".
 
ئەژین، رۆژانە زۆرینەی کاتەکانی لەناو غەسلەکەی بەسەردەبات، بەڵام ئەمە ئەو بێزار ناکات، چونکە ئامانجی ئەوەیە بە شێوەیەکی باش کارەکەی بەڕێوەببات و متمانەی باش لای سەردانیکەرانی دروست بکات.
 
دەڵێت: "دەمەوێت بەجوانی کارەکانم بکەم نەوەک خێرا موشتەریەکان بەرێبکەم، هەرکات کەسێک پێمدەڵێت لە کارەکەم رازیە ماندوبونی رۆژەکەم هەمو بیردەچێتەوە".
 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,724     ژمارەی میوان 49

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە