هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژی دژ به‌ ژنانى تێدا نیه‌

2022/03/26    478 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
هەرچەندە ماوەی 4 ساڵە بڕیاری کردنەوەی بەرێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵەبجە دەرچوە، بەڵام تاکو ئێستا نەکراوەتەوە، لەبری ئەوە بینایەک لە قەزای سەیدسادق بۆ راپەراندنی کارەکانی بەریوبەرایەتیەکە دیاریکراوە.
 
دەربارەی هۆکاری نەکردنەوەی بەرێوبەراتیەکە، ئومێد حەمید، بەرێوبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆی هه‌رێم بە وەکالەت، بۆ نەوژین وتی: "ئامادەکاریمان بۆ کردنەوەی بەرێوبەرایەتیەکە کردوە، تەنانەت کارمەندیشی بۆ دانراوە، بەڵام بینای تایبەت بە بەرێوبەرایەتیەکەمان نیە".
 
بەهۆی نەبونی بەرێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنانەوە، ژنانی هەڵەبجە به‌ناچاریی دەبێت لە بنکەی پۆلیسی سکاڵا تۆماربکەن، دواتریش بۆ کار لەسەرکردن سکاڵاکەیان دەنێردرێتە قەزای سەیدسادق.
 
رەنگین سەلام، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، شێوازی سکاڵا تۆمارکردن بە هۆکاری کەمی ئامارەکانی توندوتیژی لە هەڵەبجە دەزانێت و دەڵێت: "ژنان هەرچەندە کێشەشیان هەبێت، بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتی ناوچەکەوە پێیان ئاسایی نیە بڕۆنە بنکەی پۆلیس بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکانیان، هەرئەمەش هۆکارە کە دەوترێت توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵەبجە کەمە".
 
لەلایەکی دیکەوە هەرچەندە لە هەمو پاریزگاکانی کوردستان شەڵتەری تایبەت بە داڵدەدانی ژنان بونی هەیە، بەڵام پارێزگای هەڵەبجە لەمەش بێبەشە، کاتیکیش ژنێک پێویستی بە داڵدەدان هەبێت دەبردرێتە سلێمانی و دەبێت لەوێ بمێنێتەوە.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,341,819     ژمارەی میوان 5115

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە