'دەنگی یەکسانی' لە ھەولێر دەکەوێتەکار

2022/03/15    509 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
لە رۆژی جیهانی ژنان دا، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رادیۆی یەکسانی، تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی و داکۆکیکردن لە مافەکان ژنان خستەکار، سەرەتا لە ھەولێرەوە پەخشی دەستیپێکردەوە و بڕیارە ناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە.
 
مقەدەم: سەفین تاھیر، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر و سەرپەرشتیاری رادیۆی یەکسانی، لە لێدوانێکیدا بۆ نەوژین وتی: رادیۆی (دەنگی یەکسانی) بە هاوکاری رێکخراوی یونسێف و لەسەر شەپۆلی (١٠١٫٩)ـی FM، دەستی بە پەخش کردوە، لەسەرەتاوە بڕیارە ١٢ کاتژمێر پەخش بکات.
 
لەبارەی ئامانجی رادیۆکەشەوە، رونیکردەوە: "لەپێشودا لەڕێگەی سیمینار بۆ خوێندنگا و کەمپەکان هۆشیاریمان بڵاوکردوەتەوە، لە ئێستادا دەمانەوێت راستەوخۆ بچینە ماڵ و ناو مۆبایل و ئۆتۆمبیلەکان، بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەی رادیۆوە پەیامێکی رون و ئاشتەوایی خێزانی بدەین بەگوێی هەمو ئەوکەسانەی توندوتیژی خێزانی ئەنجام دەدەن".
 
وتیشی: لە رێگەی رادیۆی یەکسانییەوە، ئەو کۆمەڵە یاسایەی بەردەستن، بەتایبەت یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و هەمو ئەو یاسایانەی لەبەرژەوەندی ئافرەتانن، لەلایەن کەسانی شارەزا شیکردنەوەیان بۆ دەکرێت، بەشێوەیەک بتوانین کاریگەری هەبێت لەسەر ئەو کەسانەی توندوتیژی ئەنجام ئەدەن، بەو پێیەی راگەیاندن کاریگەرییەکی یەکجار گەورەی هەیە لەسەر کۆمەڵگای کوردی.
 
باسی لەوەشکرد: لە ئێستادا و بۆ قۆناغی یەکەم، پەخشی رادیۆی یەکسانی لە سنوری پارێزگای هەولێرە، لە بەرنامەشدایە لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک بکرێتەوە ببێت بە رادیۆیەکی سەرتاسەریی.
 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,341,654     ژمارەی میوان 5060

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە