* نهوژین، سومهیه ساڵح
باخێکی دورە دەست لە گوندێکی سەر بە هەورامان دەبێت بە جێگای سەرنجی کچێک تاکو خەونەکەی بەدیبهێنێت و پرۆژەیەکی تایبەت بەخۆی بەناوی (پرۆژەی هەنگ) بکاتەوە.
رۆژین خەسرەو، کچێکی دانیشتوی شاری هەڵەبجەیە، ماوەی دو ساڵە کاری هەنگەوانی دەکات، لە رێگەی کارەکەیەوە توانیویەتی هەم داهاتێک بۆ خۆی بنیات بنێت و هەمیش یارمەتی خێزانەکەی بدات.
بیرۆکەی پرۆژەکەی لە باخێک لە گوندی هاواری سەر بە هەورامان، کە بە میراتی لە باپیریەوە بۆ دایکی دەمێنێتەوە، وەردەگرێت. رۆژین دەربارەی ئەم باخە دەڵێت:"باخەکە لە گوندێکی دورە دەست بو، دەمزانی پێشوتر بۆ ئەم کارە باش بوە، بۆیە بریارم دا پشتی پێببەستم".
رۆژین لە پاش تەواوکردنی زانکۆ لەنێوان بڕیاری دانیشتن لەماڵەوە و چاوەروانی دامەزراندنی لەلایەن حکومەتەوە یاخود کارکردن لە شوێنە نا حکومیەکان، کارکردن هەڵدەبژێرێت، لەگەڵ چەندین رێکخراو و شوێنی جیاواز کاردەکات، بەڵام دواتر بڕیار دەدات پرۆژەی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت.
ئەو بۆ نەوژین باسی لە سەرەتای دەستپێکردن بە پرۆژەکەی کرد و وتی: "لە دوای تەواو کردنی زانکۆ دەستم بە کارکردن کرد، بەڵام دواتر بڕیارمدا پرۆژەی تایبەت بەخۆم بکەمەوە گەرچی بچوکیش بێت، تاکو داهاتی سەربەخۆی خۆمم هەبێت" .
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان تەنها لە ساڵی ٢٠٢١دا ٩٩٩ ژنی ئیشکەر پەیوەندیان بە سەندیکاکەوە کردوە، لەم رێژەیەش ٨٦٠ ژن له کاری خزمەتگوزاری و ١٢٩ ژنیش له کاری رستن و چنین بون.
بەڵام رۆژین دەستی بۆ کارێکی جیاواز لە کاری زۆرینەی ژنان برد، ئەو باسی لە هۆکاری هەڵبژاردنی کاری هەنگەوانی کرد و وتی: "لهمناڵیهوه بەردەوام خولیای ئەم کارەم هەبو، هەروەها پێم باش بو کارێک بکەم جیاواز لەو کارانەی گەنجان بە گشتی دەستی بۆ ئەبەن".
هەرچەندە کاری هەنگەوانی کارێکی جیاواز و نامۆیە بۆ کچێک کە سەرپەرشتی بکات، بەڵام رۆژین بەهۆی پاڵپشتی خێزانەکەیەوە توشی هیچ بەربەست و رێگریەک نەبوهتەوە. وتی: "هەر لەسەرەتاوە خێزانەکەم بە تایبەت براکانم پالپشتی سەرەکیم بون و رێگربون لە هەر کێشەیەک کە بێتە پێشم".
رۆژین لە ئێستادا خاوەنی ٢٧ سندوق هەنگە، هەمو هەنگەکان خۆماڵین، هەنگوینەکەی لە تەواوی کوردستان کڕیاری هەیە، تەنانەت لە دەرەوەی کوردستانیش داواکاری لەسەرە.