* نەوژین
ژنێک لە ناو بازاڕی شاری کۆیە بە دەستڕێژی فیشەک گیانی لەدەستدا، پۆلیسیش دەڵێت: قوربانیەکە خەڵکی ھەولێرە و بکوژەکەش نەناسراوەتەوە.
عەمید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری بەڕیوبەرایەتی پۆلیسی کۆیە، بۆ نەوژین دەڵێت: "ئەم ژنەی ئەمرۆ لە کۆیە کوژراوە دانیشتوی شاری هەولێرە، پێش چەند ساڵێک لە کۆیە ژیاوە لەگەڵ هاوسەرەکەی، دواتر لێی جیابوەتەوە".
وتیشی: ئەمڕۆ کە لە هەولێرەوە ھاتوە بۆ کۆیە لە رێگەی ئۆتۆمبیلی هێڵەکانەوە هاتوە کە دابەزیوە لە ناو کۆیە لەلایەن کەسێکەوە بە چەکی کڵاشینکۆف دەستڕێژی لێکراوە و کوژراوە.
ژنەکە ناوی (س.خ. ر)ـە، تەمەنی ٢٦ ساڵە، ئەو فیشەکانەشه کە بەری کەوتوە چەن فیشەکێک بوە لە چەناگەی بۆ خوارەوە بەری کەوتوە، عەمید: عەلی عەبدوڵڵا وای وت.
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسەی کە ئەو تاوانەی ئەنجامداوە بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە هێمای بۆ ئەوەشکرد: ئەو کەسەی کە ئەو کارەی کردوە تاوەکو ئێستا نەناسراوەتەوە و دەستگیر نەکراوە.
باسی لەوەشکرد: قوربانیەکە بەتەنها بوە، بەو هۆیەشەوە کە خەڵکی ھەولێرە، تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادوەری ئەو شارە رەوانە کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.