دێكانى گوڵفرۆش

2022/01/25    1567 جار بینراوە
 
* نه‌وژین – بژوێن حه‌یده‌ر
 
دێكان له‌ دوكانه‌كه‌ى دا چه‌ندین جۆر گوڵی ریز كردوه‌: لیلیۆم، لاڤەندەر رۆس، چیستۆفیلیا و داودی، به‌ سه‌لیقه‌یه‌كى ورده‌وه‌ له‌ ئینجانه‌ دایناون. دڵخۆشه‌ به‌وه‌ى یه‌كه‌م كچه‌ كه‌ له‌م بواره‌دا له‌ شارۆچكه‌كه‌ى دا كارده‌كات.
 
دێكان عادل، 19 ساڵ، دانیشتوى قه‌زاى پێنجوێنه‌، دوكانێكى تایبه‌ت به‌ فرۆشتنى گوڵی سروشتى له‌ شارۆچكه‌كه‌ی دا كردوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ده‌ستپێكى كاره‌كه‌یه‌تى، به‌ڵام گه‌شبینه‌ و چاوى له‌ به‌رفراوانتر كردنێتى.
 
حه‌زی ئه‌م كچه‌ بۆ گوڵ و بابه‌تى جوانكاریی، هاوشان بوه‌ به‌ حه‌زی بۆ كاركردن، ویستویه‌تى هه‌م ببێته‌ خاوه‌نى كار و داهاتى سه‌ربه‌خۆی خۆی و هه‌میش كارێكى جیاواز بكات كه‌ بۆ شارۆچكه‌كه‌ى جێگه‌ بگرێت.
 
له‌وباره‌وه‌ بۆ نه‌وژین وتى: دەمویست ببمە خاوەن کاری سه‌ربەخۆ، هه‌تا لە روی مادیەوە سودى بۆ خۆم و خێزانه‌كه‌م هه‌بێت، سه‌ره‌تا بیرم کردەوە کە چ ئیشێک بکەم كه‌ هاوكات پێویستیەکی شارەکەم پڕبکاتەوە، بۆم ده‌ركه‌وت بوارى گوڵفرۆشى ئه‌و ئیشه‌یه‌، بۆیە هەڵمبژارد.
 
 
مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ى دوكانه‌كه‌ى دێكان عادل، به‌ ئاماده‌بونى قایمقامی قه‌زاى پێنجوێن
 
 
 
شارۆچكه‌ى دێكان (پێنجوێن)، ناوچه‌یه‌كى كوێستانى سنورى نێوان باشور و رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌ و نزیكه‌ى 100كم له‌ ناوه‌ندى شاری سلێمانیه‌وه‌ دوره‌، وه‌كو زۆربه‌ى ناوچه‌ نه‌ریتیه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێم، كاركردنى ژنانى تێدا كه‌م و سنورداره‌.
 
هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ دێكان له‌ كردنه‌وه‌ى دوكانه‌كه‌ى دا ئاسته‌نگى كۆمه‌ڵایه‌تى بێته‌پێش.
 
وتى: قسه‌و قسه‌ڵۆك و وته‌ى دڵساردكه‌ره‌وه‌ زۆر بون، به‌ڵام نه‌مهێشت ببن به‌ ئاسته‌نگ و توانیم به‌سه‌ر هه‌مو له‌مپه‌ره‌كاندا زاڵ بم.
 
روی دەمیشی لە کچانیش كرد و وتى: مەترسن لە قسه‌ى خەڵکی، چونکە هیچ ئیشێک لەسەره‌تاوە بێ رەخنە نابێت، لەسەر پێی خۆتان بوەستن و هاوشانی پیاوان کاربکەن.
 
ئێستا دێكان چه‌ندین جۆر گوڵی سروشتى له‌ دوكانه‌كه‌یدا نمایش كردوه‌، گوڵه‌كانیشی له‌ ئه‌وروپا و ئێرانه‌وه‌ بۆ دێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ش كاری جوانكاریی و دیاریی و رازاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبیلی بوك و زاواش ده‌كات.
 
به‌نیازیشه‌ كاره‌كه‌ى فراوان بكات، به‌ڵام نایه‌وێت له‌ ئێستاوه‌ باس له‌ ورده‌كاریه‌كانى بكات، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ده‌ڵێت: "بەمزوانە شتێک ئەکەم ببێتە سوپڕایز بۆ پێنجوێن".
 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,422     ژمارەی میوان 1689

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە