* نەوژین - پەیام نەجمەدین
تەیبە لەماڵێکی بچوک کە لەژورو هۆڵێک پێک دێت بەتەنیا دەژی، کاتێک چوین و ویستمان گفتو گۆبکەین لەسەر کارەکەی لە بەردەرگای خانوە بچوکەکەی لەگەڵ ژنانی گەڕەک دانیشت بو، دوای سڵاوکردن بۆ ژورە بچو کەکە ی پشتەوەی ماڵەکی فەرموی لێ کردین لەسەر دۆشەکێکی مەیلەو قاوەیی دانیشتین کە بەرامبەرمان سەماوەرێک و چەند پیاڵەیەکی لێبو.
تەیبە حەمەعەلی، تەمەن (٩٥) ساڵ دانیشتوی قەزای سەیدسادقە دادەنیشێت، لە تەمەنی (١٥) ساڵیەوە دەستی بە کاری دروستکردنی هیزە کردو، وەک خۆی دەڵێت لە دایکیەوە فێری کارەکەی بوە پاش نزیکەی(٨٠) ساڵە بەردەوامە لە کارەکەی.
هیزە وەک گۆزەیەکە کە رۆنی کوردی تێدەکرێت لە پێستەی ئاژەڵ دروست دەکرێت. تەیبە، بەدەم دروستکردنی هیزەیەکەوە باسی چۆنیەتی دروستکردنەکەی کرد وتی: سەرەتا توکەکە لە پێستەکە دەکەمەوە لە جێگەیەک کە بۆنی بەسەر کەس نەڕوات، پاشان خوێی پێوەدەکەم دو رۆژ دایدەنێم بە خوێکەوە، دواتر پاکی دەکەمەوە پاشان ئاردو خوێ تێکەڵدەکەم پێوەی دەکەم ئەویش بۆ ماوەی دو شەو دایدەنێم دوای ئەوە شەلەم یان دۆینەی بۆ دەکوڵێنم و یێیوەی دەکەم و ئینجا دەی شۆرم بە ئاو، پاشان توی بۆ دەکوڵێنم تا رەنگی جوان بێت و بۆنی خۆش بێت، هەندێک ترشی پێدا دەکەم وبۆ ماوەی چەن شەوێک دایدەنێم تا ئامادا دەبێت.
ئەگەر پێستەی ئاژەڵەکە گەورەبێت تەیبە، دەتوانێت دو هیزە یان سێ دانەی لێدروست بکات. ماوەی دروستکردنەکەشی مانگێکی دەوێت.
ئەو بەشێوەیەک هۆگری کارەکەیەتی دەڵێت"ئەگەر هەمو رۆژ پێستەیەک هەبیت من کاری لەسەر دەکەم". لە دوای تەمەنی پازە ساڵیەوە سەرقاڵی دروستکردن و خۆشکردنی مەشکە و مێخەک و هیزەو کونە بوە کە لە پێستەی ئازەڵ دروست دەکرێن، لەئێستادا تەنها کاری دروستکردنی هیزە دەکات کە پێشی دەڵێن خیگە.
وەک خۆی دەڵێت ئەو پێستەکان ناکڕێت تە نها دۆست و هاوڕێکانی بۆی دەهێنن یان کەسێکی نزیکی ئاژەڵ سەر ببڕێت ئەوا بێبەرامبەر پێی دەبەخشن.
"تەمەنم رێگر نیە بۆ ئەوەی دەستبەرداری کارەکەم بم"
لە زۆربەی شوێنەکانی کوردستان بەتایبەت پارێزگای سلێمانی داوای هیزە لە تەیبە دەکەن وخواستی کڕینیان هەیە. تەیبە، لەماڵەکەی خۆیدا کارەکەی دەکات و گەر بێتاقەت ببێت لەگەڵ ژنە دروسێکەی 'سوڵتان' سوڵتان چایەک بە سەماوەرەکەی لێدەننێت و پێکەوە دەیخۆن.
نرخی هیزەکان بە پێی گەورەو بچوکی جیاوازە ولەبەر زەحمەتی زۆر و دەگمەنی کارەکە کەمیک نرخەکان گرانن بۆ ئێستا، نرخی یەک هیزەی بچوک (٣٠) هەزارەو گەەورەکانیشی لەوە زیاترن. سەرەڕای گرانی هەندێک کەس حەز بە خواردن و کەلوپەلی کوردەواری دەکەن بۆیە لەهەر کوێیەک دەستیان بکەوێت دەیکڕن.
ئەو پێستەی بۆ هیزە بەکاردێت پێستەی بزن و مەڕە کە لەکۆنەوە و تا ئێستا بۆ هەڵگرتنی رۆن و کەرەی کوردی بەکار دێت. جیاواز لە هیزە هەر لە کۆندا لەلایەن ژنانی دەست رەنگین چەندین شتی جیاواز لە پێستەی ئاژەڵ دروست دەکراو تا ئێستاش هەندێک لە ژنان بەردەوامن لە دروستکردنی کەلوپەلەکانیان لە پێستە، نمونەی تیبە کە نزیکەی هەشتا ساڵە بەردەوامە لە کارەکەی و نایەوێت دەستبەرداری بێت.