* نەوژین - هۆزان فەریق
تاکە ئافرەتی کوردە بوبێت بە ئەندامی یەکێتی بالەی عێراق، و سەرۆکی یانەیەکی وەرزشی بێت هاوکات بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری پسپۆڕی وەرزشی هەیە.
کەژاڵ حەمە سەعید، تەمەن (٣٥) خانمێکی پسپۆڕی بواری وەرزشە، ئەو هەر لە لەقۆناغی سەرەتای خوێندن ئارەزویی وەرزشی لادروست بوە، دەڵێت: "خۆشەویستی مامۆستای وەرزش وای لێ کردم حەز لەبوارەکە بکەم، دەستم بە وەرزشکرد لە قۆناغی سەرەتایی خوێندن، زۆربەی یاریەکانم کردوە دواتر پەیوەندیم کرد بەکۆلێجی پەروەردەی وەرزش لەزانکۆی موسڵ".
پاش ئەو قۆناغانە کەژاڵ، بەشێوەی پیشەگەر دەست بەوەرزش دەکات، لەیانەی سلێمانی وەک یاریزان و دواتر وەک راهێنەرو پاشانیش وەک سەرپەرشتیاری تیپەکانی بالەو باسکەو تۆپی دەست و گۆڕەپان و مەیدان کاری کردوە، هەورەک بەرپرسی چالاکی وەرزشی خوێندنگە ناوەندی و ئامادەییەکانی شاری سلێمانی بوە، دواتر لەلیژنەی ئۆڵۆمپی کاری کردو لێپرسراوی نوسینگەی کچان و ژنان بوە، پاشان بوە بە مامۆستا بەپلەی پرۆفیسۆر لەکۆلێجی پەروەردەی جەستەیی و زانستی وەرزش لەزانکۆی سلێمانی، هەورەک بوە بە سەرۆکی یانەی ئەفرۆدێت.
"دەمەوێت ئاستی باڵەی کچان لە عێراق بگەیەنمە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان"
لە ئێستادا تاکە نوێنەری کوردە لەیەکێتی ناوەندی بالەی عێراق لە بارەی گرنگی ئەم پۆستە و ئەو کارانەی کە ئەو دەیەوێت بیکات وتی: "بۆ وەرزشی بالە لە کوردستان گرنگە نوێنەرێکی ژن کە کورد بێت نوێنەرایەتیان بکات، لەگەڵ ئەوەشدا وەرزش پێویستی بە بودجەیەکی تایبەتە بۆ پێشخستنی پێویستی بەژێرخانێکی گەورەیە ،لای ئێمە وەرزش نەکراوە بەپیشە تەنها بۆ کات بەسەربردن و حەزو ئارەزوە ، لەئێستادا وەرزش لەبازنەیەکی داخراودا چەقی بەستوە بەهۆی کێشە سیاسیە ناوخۆیەکانەوە بۆیە قورسە لەئێستادا کار بۆ بەپیشە کردنی وەرزش بکەین".
لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت وەرزشی بالەی کچان لە عێراق زیندوبکاتەوە تا ئەو ئاستەی کێبڕکێی پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان بکەن سەبارەت بەمە بۆ نەوژین وتی: کاری من لە یەکێتی بالەی عێراق بەرپرسی لیژنەی کچان و ژنانم هەوڵ دەدەم هەڵبژاردەی کچانی بالە زیندو بکەمەوە بۆ زۆربەی تەمەنەکان بۆ ئەوەی بەشداری لەپاڵەوانێتی عەرەبی و ئاسیایدا بکەن هەروەها هەوڵ دان بۆ گەشەدان بەتیپەکانی کچان و کردنەوەی خولی داوەری و راهێنان بۆ کچان و ژنان و چەندین کارو چالاکی تر.
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە