* نەوژین
بۆ دەستخستنی بەڵگەی تاوانی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی ئەپڵیکەیشی SafeYou لە کوردستان کارا کرا، کە لە کاتی روبەڕوبونەوەی کچان بەو تاوانانە دەتوانن بە یەک کلیک بەڵگەی تاوانەکە بگەیەنن بە پۆلیس.
سندوقی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دانیشتوان و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی_کوردستان، ئەپلیکەیشنی SafeYou بڵاودەکەنەوە کە دەبێتە یارمەتیدەری ئەو ژن و کچانەی کە مەترسی توندوتیژی و گێچەڵکردنیان لەسەرە بەشێوەیەک ئەپلیکەیشنەکە دوگمەی یارمەتی هەیە، کە لە کاتی مەترسیدا بۆ ماوەی 3 چرکە پەنجەی پێدا دەنرێت، شوێنی بەکارهێنەر دەنێرێت بۆ پۆلیسی راهێنراو و هەروەها ئەو کەسانەی کە بەکارهێنەر متمانەی پێیەتی و دەستبەجێ داوای یارمەتی بکرێت.
ئەم خزمەتەگوزارییە بێ بەرامبەرە و هەمو ئەو زانیاریانەی لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکەوە وەرگیراوە بە نهێنی دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی تایبەتمەندی بەکارهێنەران.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: چاوپۆشی لە هیچ ئەنجامدەرێکی توندوتیژیی جێندەری ناکات، ئێمە لەگەڵ هەمو لایەنێکی پەیوەندیداری هەرێم کاردەکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە هەمو شێوازەکانی توندوتیژی بهێنین. ئەم ئەپلیکەیشنە هەنگاوێک نزیکترمان دەکاتەوە لە بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی بێ توندوتیژی و تا گەیشتن بەم ئامانجە ناوەستین".
هەر لە مەراسیمی بڵاوکردنەوەکەدا نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دانیشتوان لە عێراق، دکتۆر ریتا کۆلۆمبیا وتی: "ئەپلیکەیشنی SafeYou یارمەتی ژنان و کچان و خێزانەکانیان دەدات هەست بە ئارامیی بکەن و ئامرازێکی نوێیە بۆ پاراستنیان لە توندوتیژی.
ئەپلیکەیشنەکە دەبەسترێتەوە بە هێڵی گەرمی 119 کە لە لایەن ستافی شارەزای بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان بەڕێوەدەبرێت.