شادییە: منی ژن دەتوانم خاوەنکاربم

2021/11/11    1896 جار بینراوە
 
نەوژین - هاوژین محەمەد
 
شادیە، بەربەستەکانی کۆمەڵگاکەی تێکدەشکێنیت بۆ کارکردنی ژنان و وەک یەکەم ژن لە قەزای رانیە شیرینی خانەیەک دەکاتەوە.
 
شادییە بابەکر، دانیشتوی قەزای رانیە لە ئیدارەی راپەڕین، دەبێتە یەکەم ژنی شارەکەی کە دەست بۆ کاری سەربەخۆ ببات وەک کردنەوەی شیرینی خانەیەک کە هەم خۆیان شیرینیەکە دروست دەکەن و هەمیش دەیفرۆشن.
 
ئەو دەرچوی بەشی ئەندازیاری میکانیکە، بەڵام جیاواز لە بروانامەی پسپۆڕیەکەی شوێن حەز و خولیایی خۆی دەکەوێت بۆ بون بە خاوەنکاری سەربەخۆ و دەڵێت: حەزم بە شیرینی دروستکردن دەکرد ئەوەش هاندەرم بو بۆ ئەوەی بەشداری خولێکی شیرینی دروستکردن بکەم لە شاری سلێمانی و پاشان بگەڕیمەوە بۆ رانیە و بیکەم بە پیشەی خۆم.
 
بەدەر لە حەزی بۆ شیرینی دروستکردن شادیە باسلەوەدەکات کە ئامانجی بوە خودی خۆی خاوەن ئابوری سەربەخۆبێت و پشتیوانی ژنانی دیکەش بکات بۆ کارکردن کە ئێستا لە ستافی کارەکەشیدا هەلی کاری بۆ شەش کچ وژن رەخساندوە.
 
 
"پلانم هەیە لقی شیرینی خانەکەم لە شارەکانی دیکەش بکەمەوە"
 
شادییە پلانی هەیە بۆ ئایندە ستافەکەی زیاتربکات و کارەکەی بەرفراوان بکات وەک خۆی بۆ نەوژین وتی: پڕۆژەم ئەوەیە شوێنی کارەکەم گەورەبکەم هەروەها لق لە شارەکانی دیکەش بکەمەوە.
بۆنەو ئاهەنگەکان بە کێک و پاقلاوە دەڕازێنێتەوە و نزیکەی 15 جۆر شیرینی پێشکەش بە کڕیارانی دەکات.
 
"بەدەم  دروستکردنی شیرینیەکانەوە وتی: "تا ئێستا هیچ کام لە کڕیارەکانم گلەیان لێم نەبوە ، بەهەر شێوەیەک ویستبێتیان بۆم دروستکردون "
 
بونی کاری سەربەخۆ بۆ ژنان لە شارەکەی ئاسان نیە، بەڵام ئەو بڕوابونی ژنان بە خاڵی سەرکەوتنیان دەزانێت بەرامبەر قسەی کۆمەڵگاو وتی: "تەنها کەسەکە حەزی بۆ کارەکە هەبێ هیچ کەسێک ناتوانێ رێگری لێبکات".
 
سەرەڕای ئەوەی هاوشێوەی شادیە ژنانی دیکەش هاتونەتە ناو بازاڕی کارەوە، بەڵام سەندیاکای کرێکاران و پیشەوەرانی رانیە بێ ئامارە و زانیاری لەبەردەستنیە لە بارەی کارکردنی ژنانەوە.
 
ئازاد جنید رەزا، لێپرسراوی کرێکاران و پیشەوەرانی کوردوستان لقی رانیە بە 'نەوژین'ی راگەیاند :"ژنێکی زۆر  هاتونەتە بازاڕی کارەوە،  بەڵام تائێستە هیچ یەک لەوان لای ئێمە ناوی تۆمار نەکردوە.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,721,818     ژمارەی میوان 1913

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە