* نەوژین - ئایندە عومەر
یەکەم ژنە کوردی سەرۆکی زانکۆیە لە عێراق و کوردستان، وایدەبینێت ژنان دەتوانن هەمو کارێکبکەن ئەگەر ئیرادەیان بە هێزبێت، هەروەک پێشی وایە بەرێژەیەکی باش سەرکەوتوبوە لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی کە بۆ زانکۆی هەڵەبجەی داناوە، دەیوێت زانکۆکە بکاتە نێودەوڵەتی.
مهاباد کامیل، لە شاری هەڵەبجە لەدایک بوە، خوێندنی زانکۆ و ماستەری لە زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر تەواو کردوە، بڕوانامەی دکتۆراکەی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، پێش بون بە سەرۆکی زانکۆ بەرێوبەری کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی سلێمانی بوە، ئێستاش ماوەی ٢ ساڵە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە کە دەبێتە یەکەم ژنی کورد لە عێراق کە ئەو پۆستە بەڕێوەبەرێت.
چۆن بو بە سەرۆکی زانکۆ
"وەکو هەر کەسێک سیڤی خۆم پێشکەش کردوە، دواتر بە پێی ئەوە هەڵبژێردرام بۆ پۆستەکە و توانیم ببم بە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە". مهاباد کامیل، وادەڵێت.
دەشڵێت: "من پێموایە هیچ کارێک نیە نەکرێت، ئەگەر بمانەوێت هەمو کارێک دەتوانین بکەین، گرنگترین شت پێویستە لە ناخی خۆماندا بڕیاری لەسەر بدەین ئینجا کەسانی چوار دەورمان هاوکارمانبن، پۆست کارێکی ئاسان نیە، ئەبێت ئارامگربین، پلانمان بۆ روبەڕوبونەوەی گرفتەکان هەبێت".
وێنە: ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا
"گرنگی دەدەم بەوەی ژنان لە ناو زانکۆ پۆست وەربگرن، بەڵام ئایا ئەوان دەیانەوێت؟"
ئەوەی ژورەکەی ئەم سەرۆکی زانکۆیە جیادەکاتەوە بونی کۆمەڵێک وێنەو تابلۆی تایبەتە بە ئافرەتان، کە تێیدا هێمای رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە وێنادەکەن، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە باسلەوەدەکات گرنگی داوە بە پرسی یەکسانی جێندەری لە پۆستەکانی ناو زانکۆکەدا، بەڵام دەپرسێت "ئایا ئەو ژنانە کێن و چەندێکن کە ئەیانەوێت پۆستێک وەربگرن؟ بەراستی کەمن!".
سەبارەت بە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر و کارەکانیان لەوبارەیەوە، مهاباد کامیل، وتی: "سەنتەرێکمان هەیە سەنتەری جێندەری و چەندین وۆرک شۆپمان ئەنجامداوە، هەروەها دژی هەمو جۆرە توندوتیژییەکی زمانی و جەستەی و دەرونین نەک تەنها توندوتیژی لێدان".
زانکۆی هەڵەبجە، يەکێکە لە زانکۆ حکومیەكانى ھەرێمی کوردستان کە بهفهرمانی ئهنجومهنی وهزیران ژماره (1670) له بهرواری 2010/7/8 بڕیاری دامەزراندنی بۆ دهرچوه. زانکۆکە لە شەش كۆلێج (پەروەردەی بنەڕەت، زانستە مرۆڤایەتییەکان، پهروهردهى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان، زانست، پەروەردەی شارەزور، کۆلێجی یاساو کارگێڕی) و یەك بەش (ئەندازیاری) پێکهاتوە.
سەرۆکی زانکۆکە هێما بۆ ئەوەدەکات 60%ـی ئامانجەکەی لە بەدەستهێنانی ئەو پۆستە بۆ زانکۆکە هێناوەتەدی کە خاڵی گرنگی ناساندنی زانکۆکەیە لەسەر ئاستی زانکۆ جیهانیەکان. زیاتر وتی: توانیومانە دو بەشی تازە بکەینەوە، هەروەها دو سەنتەری تازەمان کردۆتەوە و ئیشی ئێستا ئیشی تیم وۆرکە کە بەهەموان ئەتوانین ئیشی جوان بکەین کە سەرەڕای قەیران توانیومانە کاری خۆمان بکەین.