* نەوژین
بۆیەکەم جار لە شاری هەڵەبجە کچێک گەلەریەک دەکاتەوە و رۆژانە هاوڵاتیان سەردانی دەکەن، هاوکات دەبێتە یەکەم کچیش کە کارێکی لەو شێوەیە لەسەر ئاستی کوردستان ئەنجامدەدات.
حوسنا هەورامی، ئەو کچەیە کە ماوەی دە ساڵە لە بواری هونەری شێوەکاری کاردەکات و ئێستاش بەرهەمەکانی لە گەلەریەکەدا بەناوی(هەتوان)، رۆژانە نمایشدەکات. (حوسنا)، ئەزمونی خۆی و کارەکەی بۆ نەوژین، بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە.
(حوسنا هەوارامی)، گەلەری هەتوان، هەڵەبجە
ئەگەرچی من دەرچوی بەشی کارگێری کارم، بەڵام بەهۆی نەبونی دەرفەتی دامەزراندن لە ناوەندە حکومیەکان بیرمکردەوە پەرەبە بەهرە هونەریەکەم بدەم و بیکەم بەپیشەم.
”ئەمەی ئێستا پێیگەیشتوم ئامانجی ژیانم بو“
یەکێک لە ئامانجەکانم لە ژیانمدا ئەوەبو بتوانم لە شوێنێک تابلۆکانم نمایشبکەم و خزمەتبێت بە هونەر و بەهرەکەم هەربۆیە بەدوای ئەو رێگایەدا دەگەڕام کە دەیگەیاندم بە ئامانجەکەم بەشداری چەندین پێشەنگام کرد لەگەڵ ئەوەشدا کارو پرۆژەی هونەریم ئەنجامدەدا.
من بەردەوام بوم لە پەرەدان بەبەهرەکەم ئەوەبو رێکخراوێکی نێودەوڵەتی کۆمەڵێک پرۆژەی بچوکی گەنجانی هەڵەبجەیان وەردەگرت منیش بەدەرفەتم زانی پرۆژەکەی خۆم پێشکەشکردن خۆشبەختانە وەرگیرا و رێکخراوەکە ئەرکی سپۆنسەریکردنیان گرتە ئەستۆ، ئەوەبو لە ٤ کانونی دوەمی ئەمساڵ گەلەریەکەم کردەوە.
وێنە: گەلەری هەتوان، هەڵەبجە
لە ناوگەلەرەی هەتوان بەدەر لە تابلۆ و نیگارە رەنگاورەنگەکان سەدان چای، جۆراو جۆر پێشکەش بەسەردانی کەران دەکرێت کە خۆی دەبینێتەوە لە چای گوڵەبەیبون، لیمۆ، زعفران، پرتەقاڵ، بەهێ،چای شلیک....هیتر.
وێنە: چای دەرمانی گەلەری هەتوان، هەڵەبجە
لە ئێستادا تەنها تابلۆکانی خۆم لەگەلەریەکدایە نمایش دەکەم بەڵام لە پلانمدایە لە داهاتودا تابلۆی شێوەکارانی دیکەش وەربگرم و نمایشی بکەم هیوادارم ئەم شوێنه ببێته ماڵێکی ئارام بۆ رۆحی خەڵکی و شوێنی ساغکردنەوەو فروشتنی کاری بەهرەمەندان.

وێنە: گەلەری هەتوان، هەڵەبجە