* نەوژین - هۆزان فەریق
لە تەمەنی ٨ ساڵیەوە لەسەر دەستی باوکی فێری یاری شەترەنج بوە، خاوەنی چەندین مەدالیای زێر و زیوە لەسەر ئاستی جیهان و وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ ئەوەشدا نە شوێنێکی هەیە بۆ راهێنانەکانی و نە راهێنەر.
ئەوە کچە یاریزانی شەترەنج کارین کەمال جەلالەدینە، ساڵی (١٩٩٢) لە شاری دهۆک لە دایک بوە، لەتەمەنی هەشت ساڵیدا پەنجەی لەگەڵ داشەکانی سەرمێزی شەترەنج نەرمکردوە وەک خۆی دەڵێت: ئەوکات باوکی پاڵپشتی بوەو راهێنانی پێکردوە، دوای ساڵێک لەدەستکردن بە یاری راستەوخۆ بەشداری پاڵەوانیەتیەکان دەکات.
ئەو لە بارەی یاری شەترەنجەوە دەڵێت”شەترەنج واتایی هەمو شتێک و هەمو ژیانی من دەگەیەنێت چونکە هەر لەمنداڵیەوە تێکەڵی بوم و هۆگری بوم بەهیچ شێوەیەک ناتوانم لێیی دور بکەومەوە“.
کارین کەمال، بۆ نەوژین باسیلەوەکرد، خێزانەکەیان هەمویان هۆگر و شارەزایی ئەو یارییەن، هەرئەوەش بە پاڵنەر دەزانێت بۆ ئەوەی کە گەشتوە بەم ئاستە.
هەمیشە دابونەریت هەندێک ئادابی گشتی کۆمەڵگا بە ئاستەنگ دادەنرێن لە بەردەم ئافرەتان بۆ گەشتن بە خەونەکانیان بەتایبەت بۆ بەشە جیاوازەکانی وەرزش، کارین لە بارەی ئەمەوە وتی: ”بۆ من خێزانەکەم پاڵپشتی یەکەمی منن، بەڵام کێشەیەکی تر ئەوەیە لەیاری شەترەنجدا زۆرجار دەبێت بەبێ هاوڕێ و هاوسەفەر بڕۆم بۆ پاڵەونێتیەکان لەوڵاتانی تر ئەوەش نەختێ قورسە بۆم“.
کارین، ساڵی (٢٠٠٧) لەهەڵبژاردەی عێراق دەستی بە یاریکردوە، ساڵی (٢٠٠٨) لە پاڵەوانێتیەکی جیهانی لەوڵاتی ئەڵمانیا نازناوی (wcm)وەردەگرێت، لە هەمان ساڵدا لەگەڵ یانەی ئیتاساڵات بەشداری پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی دەکات و پلەی یەکەم بەدەست دەهێنن و مەدالیای زێڕی پاڵەوانیەتیەکە لە مل دەکات، لە تەمەنی (١٦)ساڵی لەوڵاتی لیبیا نازناوی (wfm)م وەردەگرێت.
ساڵی (٢٠١٦)بەشداریکردوە لەپاڵەوانێتی عەرەب بۆ پێشکەوتوان و پلەی دوەمی بەدەست هێناوە و مەدالیایی برۆنزی لەملکراوە، لە هەمان ساڵدا لەپاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا لەگەڵ یانەی ئیتساڵات سێ مەدالیا بەدەست دەهێنیت کە زێڕێک و دو زیو بوە، هەروەک ساڵی (٢٠١٩) بەشداریکردوە لەپاڵەوانێتی عەرەب لەئاستی وڵاتەکان، پلەی سێیەمم لەگەڵ وڵاتی عێراق بەدەست هێناو لەئاستی تاکیشدا پلەی دوەمی بەدەستهێناوە.
”یانەکان گرنگی بە یاری شەترەنج نادەن“
نەبونی هاوکاری و خزمەت نەکردنی بوارەکەی کارینی دڵتەنگ کردوە، ئەو دەڵێت: ”یاری شەترەنج لەکوردستان لەئاستێکی باشدایە، زۆر یاریزانی باشمان هەیە لەئاستی هەڵبژاردەی عێراق ،بەڵام بەڕاستی خزمەتی بوارەکە ناکرێت یانەکانی کوردستان زۆر گرنگی بەوەرزشی شەترەنج نادەن نەبونی پاڵپشتی دارای و نەبونی شوێن گونجاو لەو یاریەدا وایکردوە ئەو بوارە زۆر بەخاوی پێشکەوێت“.
لەگەڵ ئەمانەشدا نەبونی راهێنەر زیاتر کاریگەری کردوەتەسەر وەرزشوانانی ئەم یاریە، راهێنەری کارین لە منداڵیدا باوکی بەوە لە ئێستاشدا هاوسەرەکەیەتی وەک خۆی دەڵێت: لەتەمەنی منداڵیەوە باوکم راهێنانی پێکردوم و ئێستاش مێردەکەم کەخۆی یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە هەوڵم لەگەڵ دەدات و هەرگیز راهێنەرێکی تایبەتم نەبوە.
کارین ئێستا ئەستێرەی یانەی (پێشمەگە)یە لەژیانی وەرزشیدا لە یانەکانی خانزاد، گارە، کارەبا، ئیتسالات یاریکردوە، ئاواتی ئەوەیە پلەی یەکەمی سەرئاستی وڵاتانی عەرەب بەدەست بهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: زۆرم پێخۆشە یاریزانی کچ لەیاری شەترەنجدا زۆربن دەرکەون، من هەمو هەوڵێکی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی رێگەخۆشکەربم بۆ کچانی دیکەو ببمە سەمەشقیان“.