* نەوژین – محەمەد مەحمود
براندێكی تایبەت بەخۆی هەیە، لەنێو یەكێك لەمۆڵەكان كوخێكی دروست كردوە، بە روخۆشی و خەندەوە گفتوگۆ لەگەڵ كڕیارەكانی دەكات و بەرهەمەكانی ساغدەكاتەوە، کە دیزاینی جل و بەرگی خانمانە.
هەرێز عوسمان، تەمەن 31 ساڵ، دانیشتوی شاری كەلارە، دەرچوی كۆلێژی تەكنیكی كشتوكاڵیە، بەڵام بەهۆی دانەمەزراندن و حەزوخولیای بۆ دیزاینكردنی جلوبەرگ، دوای تەواوكردنی زانكۆ لەماڵەوە دەست دەکات بە دیزاینکردن و لە ئێستادا لەناو مۆڵێکی شارەکەدا شوێنێکی تایبەت بە بەرهەمەکانی کردوەتەوە.
هەرێز دەڵێت: خۆتەرخانكردنم بۆ كاركردن لە بواری دیزاینی جلوبەرگدا واملێ ئەكات هەمیشە لە بەردەم داهێنانی بەرهەمێكی هونەریبم، ئێستا برەوم بەکارەکەم داوە دیزاین ئەكەم و لە كوخەكەم دەیان فرۆشم.
هەرێز عوسمان، لە کوخەکەیدا لە کاتی کاردا وێنە: نەوژین
هەر دیزاینەرێك جۆرێك لە تایبەتمەندێتی هەیە لە چنین و گونجاندنی رەنگ و شێوەو وێنەكان كە پەیوەستە بەسەلیقەو خستنەڕوی دیزاینەرەکە. بە وتەی هەرێز خواستیکی زۆر لەسەر بەرهەمەکانی هەیە و دەڵێت: خواستی زۆر لەسەر كارەكانم هەیە بە تایبەت ئەو كارانەی كە چنین و وردەكاری و هارمۆنی و رەنگی ناوازەن كە هەریەك لەو كارانە یەك دانەی لێدروست دەكەین.
”هاتنە پێشەوەی ژنان بۆ کاری سەربەخۆ دڵخۆشم دەکات“
لە ئێستادا ژنان هەنگاوێکی سەرتایان ناوە بە بون بە خاوەن کاری سەربەخۆی خۆیان، هەرێز باسلەوەدەکات خانمان خۆیان خاوەن تواناو هێزی زۆرن، ئەو بۆ نەوژین وتی: زۆر دڵخۆشم بەكاركردن و هاتنە پێشەوەی ئافرەتان و خانمان لە هەر بوارێكی ژیان و بازرگانیدابێت ئەمە دەبێتە هەنگاوێک بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆمان.
ئەو ئەم کارەی بە ئەزمونێكی پڕ بایەخ دەزانێت دەڵێت: ”لە زۆر روەوە ژیانی گۆڕیوم فێری شتی گەورەی كردوم هەڵبەتە هیچ كارێكیش بێ ناخۆشی نییە، گرنگ ئەوەیە نەوەستم و بەردەوام هەوڵدەدەم بۆ باشتر، لەگەڵ ئەوەشدا کەسانی باش هەن لە دەروبەرم کە هاوکارمن“.
دیزاینێکی 'هەرێز عوسمان'
دیزاینێکی 'هەرێز عوسمان'
دیزاینێکی 'هەرێز عوسمان'