* نەوژین
رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، رایدەگەینێت: سێ ئەندامی رێکخراوەکەمان لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون و ماوەی هەفتەیەکە سۆراخیان دەکەین، بەڵام چارەنوسیان نادیارە.
رێکخراوەکە بەیانامەیەکی لە بارەی دەستگیرکردنی ئەندامەکانی بڵاوکردوەتەوەو ئاماژەیان بەوەکردوە: شاندێکی رێکخراوەکەیان کە پێک ھاتوە لە دو ئەندامی ئەنجومەن و ئەندامێکی رێکخراو بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال لە ٣ی ئاب سەردانی شەنگالیان کرد و ئێوارەی ٤ی مانگ لەکاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن ئاسایشەوە لە بازگەی 'کەڵەک' دەستگیرکراون.
ئەندامە دەستگیرکراوەکانی رێکخراوی ئازادی ژنان پێکهاتون لە خەولە محەمەد حەسەن، جوانا عەبدولباقی، سەیران ئەحمەد حەسەن.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەیاندا باسیلەوەکردوە: تا ئێستا چارەنوسیان نازانرێت و سەرەڕای هەوڵەکان ئاسایش زانیاری لەبارەیانەوە نادات، ئەمەش بوەتە جێی نیگەرانی خێزانەکانیان کە دو لە ژنەکان دایکن و منداڵیان هەیە.