* نەوژین – پەرژین کامەران
بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا ٧٦ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە چوار پارێزگاکەی هەرێم تۆمارکراوە، سەروی ٥٠٠٠ هەزار سکاڵاش تۆمارکراوە، بەمەش بە بەرورد بە ساڵی رابردو توندوتیژیەکان و کوشتنی ژنان دو هێندە بوە.
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژ ئافرەتان و خێزان لەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لەماوەی پێنج مانگی ساڵی ٢٠٢١، شەش ژن کوژراون و ٣٠حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان تۆمارکراوە.
هەربەگوێرەی ئامارەکان ٣٩ حاڵەتی خۆسوتاندن و سوتاندنی ژنان تۆمارکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا (٥٠٧٩) سکاڵای توندوتیژی و پێشلکردنی ماف لە نوسینگەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی تۆمارکراون.
ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردو ٣ ژن لە هەرێم کوژرابون ١٣ ژنیش کۆتایان بە ژیانی خۆیان هێنابو، لەگەڵ تۆموارکردنی ٢٦حاڵەتی سوتان و خۆسوتان، هەروەک ٣ هەزارو ٧٦٩ سکاڵاش تۆمارکرابون.
بەمەش ئامارە تۆمارکراوەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بە بەراورد بە ساڵی رابردو دو هێندە زیادی کردوە.