* نەوژین – هۆزان فەریق
لە یاری قوتابخانەوە بۆراهێنەرایەتی گەورەترین فێرگەی عێراق و وەستانەوە بەرامبەر ئاستەنگیەکان و بەردەوامی، ئەمە چیرۆکی کۆڵنەدانی خانمە راهێنەرێکی فوتساڵی کچانە لە کوردستان.
تەنیا ئەحمەد، دانیشتوی شارۆچكەی دوكانە، ساڵی (١٩٩٢)لەو شارۆچكەیە لەدایكبوە، یاریزان و راهێنەری فوتساڵەو یەكێكە لەو كچانەی كە حەز و خولیای وەرزش وای لێ كردوە بەشێكی زۆری تەمەنی بەو یاریە ببەخشێت. وەک خۆی بۆ نەوژین دەڵێت: ”سەرەتا لەقۆناغی خوێندنی سەرەتاییەوە دەستم بەیاری كردن كردو دواتر لەفستیڤاڵی خویندنگاكان بەشداریم دەكرد، بەپاڵپشتی ماڵەوە و مامۆستاكانم بەردەوام بوم تا ئەمڕۆ“.
دواتر لەساڵی(٢٠٠٨)پەیوەندی دەکات بە تیپی فوتساڵی كچانی یانەی وەرزشی دوكانەوە و تاكو ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵیان بەردەوام دەبێت چونکە لەوکاتەدا ئەم تیپە کۆتایی بە کاروانی وەرزشی دێت.
یەکەم خانمە وەرزشکاری خاون فێرگە
بەمهۆیەوە تانیا، درێژە بە خوێندن دەدات و بەشی ژمێریاری لە پەیمانگای تەكنیكی كۆیە تەواودەکات، بەڵام ئەمە نەبوە هۆکاری دورکەوتنەوەی لە وەرزش دوای خوێندن گەڕایەوە وەک راهێنەری فێرگەی دوكان ”لێرەدا توانیم بڕوانامەی c فوتساڵ و یاریگای گەورە بەدەست بهێنم، دواتر توانیم وەكو تاكە ئافرەت لەساڵی (٢٠١٧) بەشی كچانی فێرگەی دوكان دابمەزرێنم“.
تانیا ئەحمەد، لە فێرگەی دوکان لەکاتی راهێنان بە فێرخوازەکانی وێنە: نەوژین
پشودرێژی و سوربون لەسەر خەونەکەی توانی 'تانیا' بکاتە خاوەنی گەورەترین فێرگەی کچان لە ئاستی عێراق لە ئێستادا ٤٠ فێرخوازی کچ لە فێرگەکەی مەشقەکانیان دەکەن”سەرەتا فێرخوازەكانمان كەم بون، چونكە تۆپی پێی كچان شتێكی نوێ بو لە دوكان، بەڵام بە خۆڕاگری و بەردەوامیم توانیم فێرگەكەم گەورەبكەم“.
کێبڕکێکردن بۆ دانانی بناغەیەک بۆ فوتساڵی کچان لە شارەکەی
لە ساڵی (٢٠١٩)ە لەسەر ئاستی کوردستان بەشداری خولی نایابیان كردوە تا ئێستاش بەردەوامن لە خولەکەدا، ئەمساڵیش بەژمارەیەك كچی فیرگەكەیان بەشداری خولی پلەیەكی كچانی فوتساڵی كوردستانیان كردوە”ئومێد و متمانەی ئەوەم هەیە كە ئەنجامی باش بەدەستبهێنین“.
دو فێرخوازی تانیا ئەحمەد، لە فێرگەی دوکان وێنە: فێرگەی دوکان
پشتیوانی خێزانکەی و خێزانی فێرخوازەکانی ئەرکی سەرشانی 'تانیا'ی کەمکردوەتەوە ، سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا رێگری زۆر هەیە بۆ کچان لە کوردستان کە بیانەوێت لە بواری وەرزش دەربکەون.
لەگەڵ ئەوەشدا 'تانیا' دەیەوێت بناغەیەک بۆ فوتساڵی کچان دابنێت و لە ئاستی عێراق کێبڕکێ بکات”ئامانجم دروست كردنی بناغەیەكی بەهێزی كچانە بۆ ئەوەی تیپی كچان بەردەوام بێت، نەك بۆ ساڵێك و دو ساڵ، وە بتوانم لەداهاتودا ركابەری نازناوی خولی كوردستان و عێراق بكەم“.
فێرخوازانی تانیا ئەحمەد، لە فێرگەی دوکان وێنە: فێرگەی دوکان