*نەوژین - رێناس ساڵح
بەڕویەکی خۆشەوە لەگەڵ یەکێک لە نەخۆشەکانی دانیشتوە بەدەم پشکنینە پزیشکیەکانەوە هاودەمی نەخۆشەکانیەتی و دەڵێت”رۆژێک بێ کارەکەم ناتوانم بژیم“.
ئەمە دیمەنی کارکردنی رۆژانەی خانمە پەرستار 'روئا عوسمان'ە کە لە ساڵی(٢٠١٦) کۆلێژی پەرستاری زانکۆی سلێمانی تەواوکردوە، دوا بەدوای ئەوەی لە نەخۆشخانەو ناوەندە تەندروستیەکان دەستی بەکارکردوە.
ئەو خۆشەویستیەکی زۆری بۆ کارەکەی هەیە بە بەشێکی ژیانی دەزانێت”کارەکەم زۆر زۆر خۆشەوێت بەشێکە لەژیانم هەرگیز ناتوانم رۆژێک بە بێ کارەکەم بەسەر بەرم، هەستێکی زۆر خۆشە کە ئەبینیت کەسێک بەهۆی تۆوە ئازارەکانی دەڕوێتەوە“.
لەبەرامبەر هەڵسوکەوتە تایبەتەکەی نەخۆشێکی چی پێدەڵێت؟
ئەو شێوازە مامەڵەکردنەی کە هەیتی لەگەڵ نەخۆش و سەردانی کەرەکانی وایکردوە چیرۆکی جیاوازی لێدروستبێت” قسەی یەکێک لە نەخۆشخەکانم هەگیز بیرناچێتەوە ئەوکاتە لە خانەقین بوین لە کەمپی ئاوارەکان مانگانە کە دەهات بۆ لامان دەیوت هەستەکەم روخۆشی تۆ و هەڵسوکەوتت لەگەڵمان لە چارسەرەکان زیاتر کاریگەری لە سەم هەیە، نایشارمەوە ژنان بەگشتی نەرم و نیان و دڵسۆترن بۆ نەخۆشەکانیان وەک مناڵی خۆمان ئەیانبینین“.
روئا عوسمان، لەکاتی پشکنین بۆ نەخۆشێکی وێنە: نەوژین
روئا، لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە لەگەڵ رێکخراوی پزیشکانی بێسنور (MSF)، دەستی بەکارکردوە بۆ ماوەی دو ساڵ، ئێستاش بەشێوەی پارت تایم لەگەڵ رێکخراوی ژنان و تەندروستی بەشی ژنان و مناڵان کاردەکات، لە ئێوارانیش لە گەڵ پزیشكی پێست کاردەکات ماوەی پێنج ساڵە.
”رێگریەکان نەبوەتە هۆی لاوازی خانمانی پەرستار“
لەگەڵ ئەمانەشدا قورسی دێتە رێگەیان بۆ کارەکەیان بەتایبەت پەرستاران دەبێت بە شێوەی ئێشکگر لە ناوەندە تەندروستیەکان بمێننەوە”بەگشتی بەهۆی ئەوەی ئەم کارەی ئێمە ئێشکگری هەیە زۆری خێزانەکان پێیان قبوڵ نیە ژنان لە شەودا لە دەروەی ماڵبن ئەمەش گرفتە بۆ ژنانن، بەڵام ئەمە نەبوەتە هۆی لاوازیمان پەرستارانی ئێمە هاوشێوەی پەرستارانی دونیا بەتوانان“.
روئا عوسمان، لەکاتی پشکنین بۆ نەخۆشێکی وێنە: نەوژین
هەروەک روئا، بە وزەیەکی زۆرەوە بەردەوامە لە کارەکەی لە پلانیشیدایە ئاستی زانستی زیاتر بەرەوپێشببات ”بڕیارمداوە بەردەوام ئاستی زانستیم بەرەوپێشببەم حەزم لە چەند بەشێکی دیکەیە وەک فریاکەوتنی خێرا(ئیمێرجنسی)و جەڕاحی، دەمەوێت لەمانەشدا خزمەت بکەم“.