١٥٠٠ واژۆ لە دو رۆژدا؛ دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان واژۆ کۆدەکرێتەوە
ھەواڵ
2026/11/27 , بینین : 75


* نەوژین

لە یەکەم هەنگاوی هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژناندا، تۆڕی هەشتی مارس دەستی بە هەڵمەتێکی فراوانی کۆکردنەوەی واژۆ دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان کردوە و تەنها لە ماوەی دوو رۆژدا 'هەزار و پێنج سەد' واژۆیان کۆکردوەتەوە.

لەوبارەیەوە، شەدە بەشیر، چالاکوانی ژنان و ئەندامی تۆڕی هەشتی مارس، بە نەوژینی راگەیاند: "ماوەی دو رۆژە دەستمان بە کۆکردنەوەی واژۆ دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان کردوە و بەدرێژایی ١٦ رۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەردەوام دەبین".

ئاشکرایشیکرد: تەنها پشت بە کۆکردنەوەی واژۆی مەیدانی نابەستین، جگە لە بونی بەردەواممان لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی، فۆرمێکی ئۆنلاینیشمان خستوەتە بەردەست تا دەنگی ناڕەزایی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان فراوانتر بێت و هەر کەسێک بیەوێت هەڵوێست وەربگرێت، بتوانێت بە ئاسانی واژۆی خۆی تۆمار بکات.

واژۆکان بۆ کوێ دەبرێن؟

ئەو چالاکوانەی تۆڕی هەشتی مارس ئاماژەی بەوەکرد کە "ئەم هەڵمەتە تەنها بۆ تۆمارکردنی ناو نییە، بەڵکو دەمانەوێت ببێتە فشارێکی راستەقینە؛ هەروەک لە کۆتاییدا واژۆ کۆکراوەکان ئاراستەی چەند لایەنێکی باڵای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکەین".

بە وتەی شەدە بەشیر، لەسەر ئاستی ناوخۆ ئاڕاستەی پارلەمان، ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆ، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئاڕاستەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان (UN) و پارلەمانی ئەوروپای دەکرێت.

بۆ ئەوەی ئێوەش ببنە بەشێک لەم هەڵمەتە و واژۆی خۆتان دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان تۆمار بکەن، دەتوانن لەڕێگەی ئەم لینکەوە فۆرمەکە پڕ بکەنەوە:

 

زۆرترین بینراوەکان